ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

دادگای فیدڕاڵی عێراق
دادگای فیدڕاڵی عێراق

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆجاری 12یەم لەسەر سکاڵای دژ بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی شوباتی 2024، بەپێی کارنامەی راگەیەندراوی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیارە دادگاکە بۆ جاری 12یەم لەبارەی سکاڵای دژی کورسی پێکهاتەکان یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبببێتەوە.

دانیشتنەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر کورسی پێکهاتەکانە لەگەڵ سکاڵایەکی دیکە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی رژێمی بەعس بەژمارەی (949) ساڵی 1977 تۆمارکراوە دادەنیشێت.

ئەوسکاڵایەی کە 10 مانگ لەمەوبەر و لە نیسانی ساڵی 2023دا تۆمارکراوە، بەڵام دوای 12 دانیشتن، هێشتا دادگای فیدراڵی پرسەکەی یەکلاینەکردووەتەوە.

ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:

ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.

ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.

ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.

ماددەی بیست و دووەم (22):

1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.

2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.

ماددەی سی و شەشەم (36):

1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.