حوسییەکان کەشتییەکی بارهەڵگریان لە بەندەری عەدەن کردە ئامانج

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" رایگەیاند، بزووتنەوەی "ئەنساروڵڵا"ـی یەمەن دوو مووشەکی دژە کەشتییان ئاراستەی کەشتییەکی بارهەڵگر کردووە کە یارمەتی مرۆیی هەڵگرتبوو و بەرەو بەندەری عەدەن دەڕۆیشت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی شوباتی 2024، سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دوو مووشەکی بالیستی دژە کەشتییان ئاراستەی کەشتیی 'ئێم ڤی سی' کردووە"، کە کەشتییەکی بارهەڵگر بووە و ئاڵای یۆنانی هەڵکردووە و بەرەو بەندەری عەدەن دەرۆیشت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە: "یەکێک لە مووشەکەکان لە نزیک کەشتییەکە تەقیوەتەوە و زیانێکی کەمی پێکەوتووە، بەڵام تیمی کەشتییەکە بەردەوام بوون لە رۆیشتن بەرەوە شوێنی مەبەست، کە گەیاندنی دانەوێڵە بوو بۆ گەلی یەمەن".

رۆژی دووشەممەی رابردوو، یەکێتیی ئەورووپا رەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەریایی "ئەسپیدس" لە دەریای سوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی حوسییەکان لە ناوچەکە.

یەکێتی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە "ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرگرییە ئەمنییە دەریاییە، گەڕاندنەوە و پاراستنی ئازادی کەشتیوانییە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن".