شەپۆلێکی دیکەی بەفرو بارانبارین رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە

K24 - هەولێر

ناوەندی پێشبینییەکانی کەشناسی ئێران بڵاویکردووەتەوە، تاوەکوو رۆژی هەینی لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران بارانبارین بەشێوەی پچڕپچڕ بەردەوام دەبێت، بەڵام لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارین رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەگرێتەوە.

بەگوێرەی پێشبینییەکان لە شەممەی داهاتووەوە، شەپۆلێکی بەفربارین رۆژهەڵاتی کوردستان و دامێنی زنجیرە چیای زاگرۆس دەگرێتەوە و رۆژی دواتر بەفرو بارانبارین تەواوی ناوچەکانی ئێران دەگرێتەوەو تاوەکوو رۆژی هەینی داهاتوو کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی پێشبینییەکانی کەشناسی ئێران ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بەفرو بارانبارین زیاتر بووە و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکان هەبووەو تەنیا لە سنووری پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، تاوەکوو ئێستا دوو لە بەنداوەکانی سنووری شاری مەریوان، بەنداو گاڕان و بەنداوی چراغ سەرڕێژبوون.

بەنداوی گاڕان دەکەوێتە دووری 20 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری مەریوان و توانای گلدانەوەی 84.42 ملیۆن مەتر سێجای ئاو هەیە، بەرزی بەنداوەکە 62 مەترە و پانی بەشی سەرەوەی بەنداوەکە 504 مەترە.

هەروەها بەنداوی چراغ بە دووری 17 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای شاری سەقز و توانای گلدانەوەی 85 ملیۆن مەتر سێجای ئاوی هەیە.