وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رۆژی جیهانی زمانی دایک پەیامێک بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی

K24 - هەولێر

بەبۆنەى رۆژى جیهانى زمانى دایک، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەیامێکى بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی شوباتی 2024، لە پەیامێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی جیهانی زمانی دایک لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز دەکەین بەگەلی کورد و هەمو پێکهاتەو رەنگە جیاوازەکانەوە. بە شانازییەوە دەڵێین زمانی شیرینی کوردی، لە رووی مێژویی و قۆڵایی پێکهاتە بنچینەییەکانی زمان، بە یەکێک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت، بڕوامان وایە کە زمانی دایک رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە گەشەکردنی هزری و سایکۆلۆجی و بنیادنانی کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگەو بنەمای سەرەکی پرۆسەی خوێندن و فێربونە.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مۆڕاڵی و زانستییە و فاکتەری بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە. وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێڕوانین و پلانی درێژخایەنمان هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی، جێگەی خۆشحاڵییە کە لە ئێستادا بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە رووی مەعریفی و توانای مرۆییەوە لە ئاستێکی بەرزدان.

راشیگەیاند، هیوامان وایە رۆژی جیهانی زمانی دایک بکەینە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەو پێکەوە گرێدانی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی و قوڵکردنەوەی یەکڕیزی و یەکێتی نیشتمانی و نەتەوەییمان، بەم هەنگاوە دەتوانین رۆحی ئەو شەهیدانە ئاسودە بکەین کە گیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی زمانی شیرینی کوردی.

هەروەها، جارێکى تر رۆژی جیهانی زمانی دایک لە هەمو خەڵکی کوردستان و پسپۆڕان و ئەکادیمستانى بوارى زمانى شیرینى کوردى پیرۆز دەکەین.