شارەزاییەکی یاسایی و دەستووری: سەرۆککۆماری عێراق دەتوانێت رێگری لە بڕیارەکانی دادگا بکات

"بڕیارەکانی دادگا لەبارەی پێکهاتەکان دەستووری نییە"

K24 - هەولێر

شارەزایی یاسایی و دەستووری رایگەیاند، ئەو بڕیارانەی کە دادگای فیدراڵی بەنیازە لەبارەی هەڵبژاردنەوە بیدات بەتایبەت مافی پێکهاتەکان، بڕیارێکی دەستووری نییە.

د. سانع شێروانی، شارەزایی یاسایی و دەستووری بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بڕیارانەی کە دادگای فیدراڵی بەنیازە لەبارەی هەڵبژاردنەوە بیدات بەتایبەت مافی پێکهاتەکان، بڕیارێکی دەستووری نییە، لەبەرئەوە پێکهاتەکان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، بۆیە بەگوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستان مافەکانیان رێکخراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای فیدراڵی کاری شیکردنەوەی یاسایە نەک دەرکردنی دەق، ئەگەر هاتوو ناکۆکیەک هەبێت لە نێوانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، ئەوە دادگا کاری شیکردنەوەی یاسایە، نەک دەرکردنی دەقێکی دەستووری، چونکە ئەگەر دەقێکی دەستووری دەربکات، کەواتە لە جێگەی دەستوور بڕیار دەدات.

شێروانی گوتیشی: بەپێی ماددەی 67ـی دەستوور، سەرۆککۆمار دەتوانێت بەهۆکاری پاراستنی دەستوور رێگە لە بڕیاری داگا بگرێت، چونکە لەو ماددەیە بە روونی هاتووە، ئەرکی سەرۆککۆماری عێراقە ئەم دەستوورە بپارێزێت لەبەرامبەر هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی.

ئەوشارەزایە جەختیشیکردەوە، باشتر وابوو لەرێگەی دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان کیشەکانی پێکهاتەکان یەکلایی بکرابوایە، نەک ببرێتە دادگای فیدراڵی. چەنکە ئەوە کاری دادگا نییە هەڵبژاردن دوابخات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی شوباتی 2024، بەپێی کارنامەی راگەیەندراوی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیارە دادگاکە بۆ جاری 12یەم لەبارەی سکاڵای دژی کورسی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبببێتەوە.

ئەوسکاڵایەی کە 10 مانگ لەمەوبەر و لە نیسانی ساڵی 2023دا تۆمارکراوە، بەڵام دوای 12 دانیشتن، هێشتا دادگای فیدراڵی پرسەکەی یەکلاینەکردووەتەوە.

ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:

ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.

ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.

ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.

ماددەی بیست و دووەم (22):

1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.

2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.

ماددەی سی و شەشەم (36):

1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.