تاکەر کارلسۆن: ئەوانەی دەڵێن پوتن ناڤالنی کوشتووە هەمان ئەوانەن دەیانگوت ئۆکرانیا سەردەکەوێت

تاکەر کارلسۆن
تاکەر کارلسۆن

K24 - هەولێر

رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمەریکی تاکەر کارلسۆن رایگەیاند، "ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڤلادیمێر پۆتن، سەرۆکی رووسیا، دەستی هەبووە لە مردنی ئەلێکسی ناڤالنی هەمان ئەو گەمژانەن کە لە هیچ تێناگەن، هەرت ئەوانیش دڵنیایان کردینەوە کە ئۆکرانیا سەردەکەوێت.

تاکەر کارلسۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووس گلین بیک رایگەیاند، "ئەوانەی دەڵێن پوتن ناڤالنی کوشتووە، ئەوانە گەمژەن، لە هیچ تێناگەن، ئەمانە هەمان ئەوانەن کە دڵنیایان دەکردینەوە کە ئۆکرانیا سەردەکەوێت"، گوتیشی: ژمارەی دانیشتوانی رووسیا 100 ملیۆن کەس زیاترە لە ژمارەی دانیشتوانی ئۆکرانیا کە 45 ملیۆن کەسە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، "رووسیا توانای پیشەسازییەکی گەورە و زۆر بەهێزتری هەیە، کەس لە دەرەوەی ئەمەریکا بۆ یەک چرکە باوەڕی بەوە نەدەکرد کە ئۆکرانیا بتوانێت زاڵ بێت".

کارلسۆن راشیگەیاند، "لەبری ئەوەی چارەسەری کێشە ئابوورییەکانمان بکەن، لە کۆنگرێسدا باس لەوە دەکەن کە چۆن سزای پوتن دەدەن، منیش تێناگەم بۆچی وڵاتێکی مەسیحی سپی پێست تا ئەم رادەیە لە ئەمەریکییەکان دەترسێت؟".

سەبارەت بە هەوڵەکانی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بۆ تێکدانی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ پوتن، کارلسۆن گوتی: پەیامنێرێک لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز پەیوەندی پێوەکردم و پرسیاری ئەوەی لێکردم کەی چاوپێکەوتن لەگەڵ پوتن دەکەم، بەڵام من نەمهێشت ئەوە بزانن، تەنانەت ژن و منداڵەکانیشم نەیاندەزانی چاوپێکەوتن لەگەڵ پوتن دەکەم، بەڵام "دیسانەوە زانیارییەکان بۆ نیویۆرک تایمز دزەپێکرا بۆ ئەوەی چاوپێکەوتنەکە تێکبدەن.

ئەلێکسی ناڤالنی سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی رووسیا، ماوەیەکی زۆرە دەستگیرکراوە، بەڵام لە 16ـی شوباتی 2024، کۆشکی کرێملن مردنی ئەلێکسی ناڤالنی راگەیاند. مردنی ناڤالنی ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. رۆژئاواش پوتن تۆمەتبار دەکەن بەکوشتنی ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا.