هونەرمەندانی باکووری کوردستان داوای پاراستنی زمانی کوردی دەکەن

هونەرمەندانی باکووری کوردستان داوای پاراستنی زمانی کوردی دەکەن
هونەرمەندانی باکووری کوردستان داوای پاراستنی زمانی کوردی دەکەن

K24 - هەولێر

هونەرمەندان لە باکووری کوردستان داوا لە کوردان دەکەن بەرگری لە زمانی کوردی بکەن. دەشڵێن، دەبێت هەمووان هەڵوێستی جددی و کاریگەر بۆ پاراستنی زمانی کوردی نیشان بدەن.

گۆرانیبێژ بەرکەن زێر لە رۆژی 21ی شوبات، کە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە، جلوبەرگی کوردی لەبەر کرد و چووە سەر تاوەرە مێژووییەکانی سووری دیاربەکر و گۆرانی کوردی "شیرین و خوەشە زمانێ کوردی" گوتەوە. ئەو گۆرانیبێژە دڵتەنگە کە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دیاربەکر بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و داوا لە ڕای گشتی کورد دەکات ئاگاداری زمانەکەیان بن.

ئەو گۆرانیبێژە باس لەوە دەکات، زمانی کوردی گرنگییەکی تایبەتی هەیە و پێویستە کۆمەڵگا لەوە تێبگات کە بەکارنەهێنانی زمانی کوردی مەترسییەکی گەورە دروست دەکات.

بەرکەن زێر دەشڵێت، "ڕەنگە ڕەنگی چاو و قژمان وەک یەک بێت، بەڵام ئەوەی ئێمە لە گەلانی دیکە جیامان دەکاتەوە، زمانی ئێمەیە. هەر بۆیە فێربوونی زمان زۆر گرنگە. زمان توخمێکی بنەڕەتی گەلانە و پێویستە گرنگی بە زمانەکەمان بدەین".

ئەو گۆرانیبێژە کوردەی باکووری کوردستان  ئاماژە بەوەش دەدات، دەیەوێت بە نەوە نوێیەکان نیشان بدات کە دەنگێک لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە کە تەنها کاری بەساڵاچووان نییە. دەشڵێت، پێویستە بزانرێت کە لە سەدەی 21، هێشتا لە نێو کورددا گۆرانیبێژن هەن.

ئەوەشی خستەڕوو، "گۆرانی وتن تەنها کارێک نییە بۆ کەسانی پیر، گۆرانی گوتن دەتوانێت کارێک بێت بۆ گەنجانیش. داوا لە نەوە نوێیەکان دەکەم گرنگی بە زمانەکەیان بدەن. من لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستم بە گۆرانی گوتن کردووە و شاکیرۆ، تاهیرۆ، زاهیرۆ کاریگەرییان لەسەر گۆرانی وتنم هەبووە".

21ـی شوباتی هه‌موو ساڵێك وه‌ك رۆژی جیهانیی زمانی دایك دیاریكراوه‌. له‌و رۆژه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆری چالاكی زمانه‌وانی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چن. زیاتر له‌ شەش هه‌زار زمان له‌ جیهاندا هه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا 100 جۆریان زمانی فه‌رمین.