لە ساڵی 1950ـەوە 230 زمان لەناوچوون

لە ساڵی 1950ـەوە 230 زمان لەناوچوون
لە ساڵی 1950ـەوە 230 زمان لەناوچوون

K24 - هەولێر

ساڵ بە ساڵ هەندێک زمان لەژێر فشار و کەمتەرخەمیدا لەناودەچن. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی یونێسکۆ لە ساڵی 1950وە، 230 زمان لە تەواوی جیهان لەناوچوون.

21ـی شوباتی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی زمانی دایکە. هەمووان بە شانازییەوە یادی ئەم رۆژە دەکەنەوە و پێداگرن لەسەر پاراستنی ئەو زمانەی چەندەهان ساڵە قسەی پێدەکەن.

لە 17ی تشرینی دووەمی 1999 لەلایەن یونێسکۆوە، 21ی شوباتی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانی زمانی دایک دیاریکراوە.

بەپێی دوایین راپۆرتی یونێسکۆ 6 هەزار زمان لە جیهاندا هەن، لەوانەش 3527 زمانیان زیندوو و چالاکن، بەجۆرێک 57 لەسەدی تێکڕای ژمارەی دانیشتووان بە و زمانانە قسە دەکەن؛ بەڵام چەندین زمانی دیکەش هەن لە مەترسیدان و رەنگە لە چەند ساڵی داهاتوو لەناوبچن ئەوانیش ژمارەیان 2473 زمانن، کە تەنیا 43 لەسەدی ژمارەی دانیشتووانی جیهان بەو زمانانە قسە دەکەن.

 لەو رێژەیەش 178 زمانیان بەجۆرێک مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە کە تەنیا 10 بۆ 50 کەس قسەیان پێدەکەن. 146 زمانی دیکەش کەمتر لە 10 کەس قسەی پێدەکەن. هەندێک زمانی دیکەش هەن کە بە تەواوی لەژێر مەترسی لەناوچووندان، ئەوانیش ژمارەیان 577 زمانە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی یونێسکۆ لە ساڵی 1950وە تاوەکو ئێستا 230 زمان لە تەواوی جیهان لەناوچوون.

ئێستاش ئەو زمانانەی زۆرترین قسەکەریان هەیە بەم شێوەیەن، ئینگلیزی لەرووی زۆری رێژەی قسەکەرەوە پلەی یەکەمی زمانەکانی جیهانی گرتووە و ملیارێک و 456 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن واتە، لەسەدا 18 پۆینت 8ی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی جیهان. زمانی ماندەرینیش لە پلەی دووەمدایە و ملیارێک و 138 ملیۆن کەس لە جیهان قسەی پێدەکەن، واتە 13 پۆینت 8 لەسەدی ژمارەی دانیشتووان. زمانی ئوردووش لە پلەی سێیەم دێت، 609 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن، واتە لەسەدا 7 پۆینت 5 لەسەددی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی جیهان .