جووتیارێکی سنووری کەرکووک: زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویمان داگیرکراوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق، لەسەر چەند کەیسێکی جیاواز لە کۆبوونەوەدایە، کە یەکێکیان سکاڵای جووتیارانی سنووری کەرکووکە لەسەر داگیرکردنی زەوییەکانی سەرگەڕان و داقووق، لەلایەن عەرەبی هاوردە.

شێخ نەجات تاڵەبانی، کە یەکێکە لە سکاڵاکارەکان لە دادگای فیدراڵی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە وەکو جوتیارانی کەرکووک دوو سکاڵامان لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمارکردووە، داوامان کردووە بە هەڵوەشاندنەوەی دوو بڕیار لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەعس، کە یەکێکیان بڕیاری 824 تایبەتە بە ناوچەی داقوق، هەروەها بڕیاری 949 کە تایبەتە بە ناوچەی سەرگەڕان.

ئەو سکاڵاکارە گوتیشی: "کاتی خۆی رژێمی بەعس بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەعس،  زەوییەکانی کورد و تورکمانی داگیرکردووە"، بۆیە ئێمە دوو سکاڵامان لەوبارەوە تۆمارکردووە، ئەمجارەش حەفتەمین دانیشتنە لە دادگا ئامادە دەبین، هیواشمان هەیە دادگا بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی پێشووی بەعس بدات.

نەجات تاڵەبانی، باسی لەوەشکرد، هەر لەساڵی 1975ەوە، بەبڕیارێکی رژێمی ئەوکات، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویمان لە سنووری کەرکووک داگیرکراوە، گوتیشی: ئەو زەوییانە هەمووی تاپۆیە و هی سەردەمی باب و باپیرانمانە، بۆیە ئەوکاتە بەعس زەویەکانی لە ئێمە وەرگرت و بە عەرەبە هاوردەکانی دەورووبەری کەرکووکی دا.