رۆمیۆ هەکاری: دەبێت پێکهاتەکان هەڵوێستی یەکگرتوومان لە دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی هەبێت

K24 – هەولێر

رۆمیۆ هەکاری سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن لە بارەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدراڵی عێراق و بڕیاردان لە سەر کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەڵێ: هیوادارین ئەمڕۆ دادگاکە دوا بڕیاری لە سەر ئەو سکاڵایە بدات، کە لە دژی کورسی پێکهاتەکان تۆمارکراوە، چونکە بەردەوام دواخستنی دانیشتن و بڕیاردان بووەتە جێگەی گومان لەلای ئێمەی پێکهاتەکان.

گوتیشی: هیوادارین دوا بڕیاری دادگا لەبەرژەوەندی پێکهاتەکان بێت، بۆ ئەوەی بەشداری هەلبژاردن بکەین، چونکە وەک نوێنەری پێکهاتەکان و حزب و لایەنە سیاسییەکان لە هەموو کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە مافی پێکهاتەکان ئامادەبووین و داواکاریی و بۆچوونی خۆمان دەربڕیوەو داکۆکیمان لە مافی پێکهاتەکان کرووە، جا کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بووبێ یان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە سیاسییەکان بووبێت.

هەروەها ئاماژەیدا، سیستەمی کورسی کۆتای پێکهاتەکان تەنیا بۆ ئەوە دانراوە، کە ئەو پێکهاتانەی لە ژمارەی دانیشتوان کەمن، بتوانن نوێنەری خۆیان بگەیەننە پەرلەمان و ئەنجومەنەکان، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان رێز لە سیستەمەکە بگرن و مافی پێکهاتەکان پێشێل نەکەن.

هەکاری دەڵێ: دەبێت وەک پێکهاتەکان کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەنی، لەگەڵ پێکاتەکانی تورکمان هەڵوێستێکی یەکگرتوومان هەبێت و فشارێک دروست بکەین، چونکە هەر بڕیارێک لە دادگای فیدراڵی عێراق دەربچێت، بڕیاری کۆتاییەو تانەی لێناگیرێت و پێداچوونەوەی بۆ ناکرێت، بۆیە ئەگەر بڕیارەکە دژی پێکهاتەکان دەربچێت، ئەمە مەترسیدارە و بەبڕوای من دەبێت هەڵوێستێکی جددی وەربگرین بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و بەرگری لە مافەکانمان بکەین.

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ 12مجارە لە سەر ئەو سکاڵایەی دژ بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن زیاد جەبار پەرلەمانتاری پێشوو و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، لە سەر کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە.

هەروەها دوێنێ سێ شەممە لە هەولێری پایتەخت، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆ بوونەوە و لە دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە جەخت لە بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی پاک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوەتەوە.

ئاماژەشیدا، سەرۆکی کۆماری عێراق، کە سەرۆککۆماری تەواوی پێکهاتە نەتەوە و ئایینەکانی عێراقە، دەبێت هەڵوێستی جددی هەبێت بۆ رەتکردنەوەی هەر بڕیارێک دژ بە ماف و کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە دادگای فیدراڵ دەربچێت، بەو پێیە رەتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تەنیا لە دەسەڵاتی ئەوە.