بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 پێشانگای رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان لە هەولێر دەستیپێکرد

پێشانگای رەخساندنی هەلی کار
پێشانگای رەخساندنی هەلی کار

K24- هەولێر

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەبڕیاری سەرۆکی حکومەت دەبێت کۆمپانیاکان 75% دەستی کاری ناوخۆی لەهەرێمی کوردستان بۆ تواناکانی گەنجان برەخسێت، لای خۆیەوە سەرپەرشتیاری پێشانگاکەش گوتی: " لەم پێشانگایەدا زیاتر لە 100 کۆمپانیا بەشدارییانکردووە بەبێ بەرامبەر تاکە مەرجیش بۆیان دەبێت هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنن".

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-02-2024، پێشانگەی "رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان" بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە هەولێر دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 03:30ـی دواینیوەڕۆ بەردەوام دەبێت. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە زانکۆی نۆڵج لە پێناو زەمینە خۆشکردن و بەگەڕخستنی تواناکانی ناوخۆیی و رەخساندنی هەلی کار، ئەوە بڕیاری سەرۆکی حکومەت بوو دابووی، کە دەبێت کۆمپانیاکان 75% دەستی کار لە هەرێمی کوردستان بۆ توانا ناوخۆییەکان برەخسێت.

بەگوتەی پارێزگاری هەولێر: "لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لە ئاستی پارێزگا لیژنەیەکمان دروستکرد، هەموو ئەو کۆمپانیانە لە سنووری شارو شارۆچکە و سەنتەری شار پێداچوونەوەی بۆ کرا ئەو بڕیارە لە جێبەجێکردندایە ئەم پڕۆسە بەردەوامی هەیە".

ئومێد خۆشناو راشیگەیاند، لە کۆمپانیاکاندا ئێستا زەمینەیەکی باش رەخساوە، ئەنجامدانی ئەو جۆرە پێشانگایە و هاتنی زیاتر لە 100 کۆمپانیا کە هەریەکەیان دەرفەتی 20 تاکو 30 هەلی کاری بۆ دەرچووان هەیە، کارێکە جێگای دڵخۆشییە من دەستخۆشی لا زانکۆی نۆڵج دەکەم.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "لە ئەنجامدانی ئەم پێشانگایە وەکو ناوەندێکی ئەکادیمی لە هەموو روویەکەوە کاریگەری دەبێت لەسەر بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگا کارێکی گرنگە بۆ زەمینە خۆشکردنی کاری ناوخخۆی و بەرهەمی ناوخۆیی".

لای خۆیەوە، مەریوان عەزیز، سەرپەرشتیاری پێشانگای رەخساندنی هەلی کار لە هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەک سەنتەری پەرەپێدانی زانکۆی نۆڵج هەستاین بە رێکخستنی ئەم پێشانگایە و توانیمان زیاتر لە 100 کۆمپانیایی خۆماڵی بهێنینە ناو ئەم پێشانگاکەوە بەبێ بەرامبەر، بەڵام یەک مەرجیشمان داناوە کە دەبێت هەلی کار تییدا برەخسێت بۆ دەرچووان.

بە گوتەی ئەو سەرپەرشتیارە: "مەبەستی سەرەکیمان لەم پێشانگایە دووئامانجە، یەکەمیان؛ دەمانەوێ سێکتەرە ئەکادیمییەکان ببەستینەوە بە بازاڕی کارەوە، دەمانەوێت ئاشنابین بازاڕی کاری کوردستان لە کوێیە و ئێمەش لە کوێین، ئامانجی دووەممان؛ بتوانین پردێک دروستکەین، لەنیوان دەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکانی کوردستان، هەر دەرچوویەک بێکارە دەتوانێنت سەردانی پێشانگاکە بکات".

راشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان گەنجی زۆر بەتوانامان هەیە،کە هەموویان خاوەن ئەزموونن، بتوانن لێرە رووبەروو لەگەڵ کۆمپانیاکان قسەبکەن و تواناکانی خۆیان نیشاندەن و بتوانن هەلی کار بەدەست بێنن.

لە میانەی پێشانگاکەدا هێلین کۆسرەت، دەرچووەیەکی پزیشکی بەشی شیکاری، زانکۆی نۆڵج بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا سیڤی خۆم بە سێ کۆمپانیا شیکاری نەخۆشییەکان داوە، مەرجەکانیشیان ئاسان بوو کە دەبوو زمان بزانیت ئەویش زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بوو کە پێویستە لە ئێستادا هەموو دەرچووەیەک زمان بزانێت، چونکە دەرفەتی هەلی کارت زیاتر بۆ دەرەخسێت.

ئەمڕۆ لە زانکۆی نۆڵج زیاتر لە 300 خوێندکاری دەرچوو بەشی شیکاری پزیشکی، هاتوون بۆ پێشکەشکردنی سیڤییەکانی خۆیان بە کۆمپانیاکان، کە تەنیا سێ کۆمپانیا تایبەتمەندن لەم بەشەدا.