بە بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کرانە 100 کورسی

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بۆ 100 کورسی کەمبکرێنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی راپرسی و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2. بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3. ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.  

2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

4. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق دەبێت ئەرکی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت و، کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوو حکوومەتیش (عێراق و هەرێمی کوردستان) چارەسەر بکات؛ تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

5. پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی  هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بکات.

 

 

رۆژی سێشەممە، 20-02-2024، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەکو ئەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراێکدا ئاماژەی پێ داوە، "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیيی تەواویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و پیشەییيانە دەربڕی".

ئاماژە بەوەش کراوە، "کۆمیسیۆن باسی رێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاسایيی تەمەنی کۆمسیۆندا خستەڕوو، لە هەمانکاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشاندا، کە هاوکاری هەموو هەنگاوەکان بن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن".

‏‎سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەیداوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختكرايه‌وه‌، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە رابردوودا هەنگاوی جیددییان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ناوە و ئەرکی ياساييى خۆیان بەجێگەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و رژدييه‌وه‌ هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە نایاسایی ناساند.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ناتوانن لە 25ـی شووبات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن، لەهەمان کات داوای دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکەن.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.