هەرێم عوسمان نوێترین کتێبی شیعری خۆی بڵاوکردەوە

K24 - هەولێر

شاعیر و نووسەر هەرێم عوسمان، نوێترین کتێبی شیعری خۆی بەناوی "دڵ لەناو سنگی ئەم جیهانە لێنادات" بڵاوکردەوە. ئەم کتێبە لە پرۆژەی چاپکردنی کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردەیە بۆ نووسەران، کە دەزگای موکریان لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی پەروەردە چاپی کردووە.

شاعیر هەرێم عوسمان دەربارە کتێبە شیعرییەکەی بە کوردستان24ـی راگەیاند: کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکی هزری و فەلسەفییە لەبارەی دیوانە شیعری "دڵ لەناو سنگی ئەم جیهانە لێنادات".

گوتیشی: لێکۆڵینەوەکە سوودی لە فەلسەفەی فەیلەسوفانی بوونگەرایی بەتایبەت هایدیگەر و سارتەر بینیوە بۆ خوێندنەوەی شیعرەکانی شاعیر، ڕامیار مەحمود. شیعری ئەم شاعیرە وێڕای هەناسەی هزری و فەلسەفی، لێکدژییەکی قوڵیشی لە خۆگرتووە، کە بە زمانێکی ناشیعری شیعرییەتی دەربڕیوە.

دەشڵێت: لە سەرەتای کتێبەکەدا، لەژێر ناونیشانی چۆن لە شیعر تێدەگەم، ئاماژەم بەوەداوە کە جیاکردنەوەی شیعر لە ناشیعر چۆنە و هاوکات ئاماژەم بە رۆڵی ئازادی و راستی و خەیاڵ لە بەرهەمهێنانی شیعردا کردووە، لە تەنیشت ئەمەشدا ئاوڕم لە نەخۆشی بڵاوکردنەوەی بەلێشاوی شیعر لە ساڵانی دوای راپەڕین تا ئەم ساڵانەی دوایی داوە، کە ناشیعر بەناوی شیعرەوە بڵاو دەبێتەوە. هەروەها لەبەشێکی تری کتێبەکەدا لەسەر بنەمای خوێندنەوەی کتێبەکە، باسی سێکوچکەی دڵ و  عەقڵ و جیهانیم کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی تری کتێبەکە باسی ژیانکردن لەنێوان خۆبوون و ئەوانبوونیم کردووە، کە ئەمەش ئاوڕدانەوەیە لەباسی بوونی مرۆڤ لە شێوازی ڕەسەنیەت و ناڕەسەنیەتدا، کە دوو چەمکی ناو فەلسەفەی هایدیگەر لە باسکردنی دازاینی مرۆڤدا. هاوکات باسی رەسەنیەت بە زمانی ناڕەسەنیەت لە شیعرەکانی شاعیر توێژیوەتەوە. لە باسێکی تردا ئاماژەم بە تێپەڕکردنی ئەزموون، لە شیکاری شیعری شاعیردا، کە دەنووسێ، "من کارەساتم حەقیقیتر لە کارەسات نووسیوەتەوە"، داوە.