نەبەز عەبدولحەمید: هەر خاوەن مۆلیدەیەک گازوایلی خراپ بەکار بهێنێت بە بڕی سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت

K24 - هەولێر

قایمقامی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لەناو سەنتەری شاری هەولێر زیاتر لە هەزار مۆلیدە هەیە کە کارەبا بە ماڵان دەدەن، جگە لە مۆلیدەکانی چێشتخانە و هۆتێل و تایبەتی ماڵان، هەروەها بەشێک لەو مۆلیدانە گازوایلی خراپ بەکار دەهێنن.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی پارێزگای هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگا و ئەنجومەنی مۆلیدەکان کە سەرپەرشتی هەموو مۆلیدە ئەهلییەکانی ناو شاری هەولێر دەکات، بەدواداچوون بۆ ئەو گازوایلە دەکەن کە مۆلیدەکان بەکاری دەهێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێش چەند ساڵێک بڕیارێک دەرچوو بۆ بێدەنگکردنی مۆلیدەکان، لەوبارەوە هەنگاوی باشمان بڕی، دەشڵێت: ئێمە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەماهەنگین بۆ بنبڕکردنی ئەو گازوایلەی لە بازاڕەکان بەدی دەکرێت و دەفرۆشرێت، هەروەها بەشێک لەخاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانیش بەکاری دەهێنن.

قایمقامی هەولێر جەختیشی کردەوە، ئەو لیژنەیە بۆیە پێکهێنراوە تاوەکو رێگری لە بەکارهێنانی ئەو گازوایلە خراپە بکەن و کە دەبێتە هۆی دوکەڵ و زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان.

باسی لەوەشکرد، هەر خاوەن مۆلیدەک پابەند نەبێت یان ئەو گازوایلەی کە بەکاردەهێنێت بەپێی ئەو مەرج و رێنماییانە نەبێت، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتە بەر، رێکارەکانیش سزای پێبژاردن دەبێت بەبڕی سێ ملیۆن دینار.