6 یانە كێبڕكێ لەسەر بردنەوەی نازناوی جامی كوردستان دەكەن

گرتەیەك لە یاریی پێشمەرگەی هەولێر و هەندرێن. پیرمام 21 شوباتی 2024 فۆتۆ: پشتیوان رەشید
گرتەیەك لە یاریی پێشمەرگەی هەولێر و هەندرێن. پیرمام 21 شوباتی 2024 فۆتۆ: پشتیوان رەشید

 پێشمەرگەی هەولێری پاڵەوانی وەرزی رابردوو ماڵئاوایی لە جامی كوردستان كرد، زاخۆش بەشێوەیەكی دراماتیكی بەربەستی چوارقوڕنە تێپەڕ كرد و هاوشانی هەندرێن گەیشتنە قۆناغی داهاتووی پاڵەوانێتییەكە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چارەكی لە گەڕی دووەمی قۆناغی دووەمی جامی كوردستان، پێشمەرگەی هەولێر لە نێو یاریگەی خۆی لە پیرمام میوانداریی هەندرێنی كرد، یارییەكە بە درێژایی ماوەی ئاسایی خۆی هیچ لایەك نەیانتوانی تۆڕی یەكتر بهەژێنن، بۆیە پەنایان بردە بەر لێدانە یەكلاكەرەوەكان، هەندێن یارییەكەی بردەوە و پێشمەرگەی هەولێری پاڵەوانی وەرزی رابردووی جامی كوردستانی دوورخستەوە.
لە یارییەكی دیكەی جامی كوردستان، زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی چوارقوڕنەی كرد، لە سەرەتای نیوەی یەكەم زاخۆی دەلال نوێنەرەكەی راپەڕینی تووشی شۆك كرد، كاتێك لە ماوەی 8 خولەك دوو گۆڵی لەسەریەكیان لە چوارقوڕنە كرد.
لە خولەكی 9ـی دەستپێكی یارییەكە شڤان جەمیل كاپتنی یانەی زاخۆ بەشێوازێكی هونەری جوان گۆڵی پێشكەوتنی یانەكەی كرد، دواتر لە خولەكی 17 یونس عەبد گۆڵی دووەمی زاخۆی تۆمار كرد، نیوەی یەكەم بە 2 گۆڵی بێوەڵام لە بەرژەوەندی زاخۆ كۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم، سەفین ئەمین بە ئاسیستی سروش سادق جیاوازییەكەی كەمكردەوە و گۆڵی یەكەمی چوارقوڕنەی كرد، پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی و سەركەوتنی زاخۆ لێ بدات هەورۆ حەمەد كە لە نیوەی دووەم هاتە نێو یاریگە گۆڵی یەكسانبوونی چوارقوڕنەی تۆمار كرد و یارییەكەی گەیاندە لێدانە یەكلاكەرەوەكان، بەڵام لە لێدانە یەكلاكەرەوەكان زاخۆ یارییەكەی 5 ـ 4 بردەوە و گەیشتە قۆناغی داهاتووی جامی كوردستان.
لە جامی كوردستانی ئەم وەرزە، یانەكانی سەیدسادق و ئاكرێ گەیشتوونەتە یاریی پێشكۆتایی، رانیە و هەندرێن براوەیان لە یاریی پێشكۆتایی رووبەڕووی سەیدسادق دەبێتەوە، براوەی یاریی دهۆك و زاخۆ لە یاریی پێشكۆتایی رووبەڕووی ئاكرێ دەبێتەوە.

.