جومعه‌ به‌ندی: بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی ره‌هه‌ندێكی سیاسی و هه‌رێمی هه‌یه‌

جومعه‌ به‌ندی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی یاسایی
جومعه‌ به‌ندی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی یاسایی

K24 - هەولێر:

پسپۆڕێكی یاسایی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دادگای فیدڕاڵی له‌ بری په‌رله‌مان و ده‌ستووری عێراق خۆی بووه‌ته‌ یاسادانه‌ر. ده‌شڵێت، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی ره‌هه‌ندێكی سیاسی و هه‌رێمی هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 21ـی شوباتی 2024) جومعه‌ به‌ندی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی یاسایی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆتای پێكهاته‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لایه‌ن دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌ له‌ ناواخندا بڕیارێكی سیاسییه‌. گوتیشی، دادگای فیدڕاڵی له‌ بری په‌رله‌مان و ده‌ستووری عێراق خۆی بووه‌ته‌ یاسادانه‌ر و ئه‌و بڕیاره‌ی گوزراشت له‌و واقیعه‌ی ده‌كات.

جومعه‌ به‌ندی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بڕیاره‌كه‌ جگه‌ له‌ ره‌هه‌نده‌ سیاسییه‌كه‌ی، هاوكات ره‌هه‌ندێكی هه‌رێمیشیی تێدایه‌.

ئه‌و پسپۆڕه‌ یاساییه‌ گوتیشی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كورسی كۆتاكان به‌ پاساوی ناده‌ستووریبوون، دیار نییه‌ له‌ كوێدا پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و كام ده‌ستووره‌!

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2. بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3. ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. 

2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.