ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە بەردەوامبوون لە چاکسازیکردن و رێکخستنەوەی کەرتی باج دەکاتەوە

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

K24 – هەولێر:

ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبووەوە و خشتەی نوێی رسوماتی پەیوەندیدار بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی پەسەند کرد و جەختیکردەوە کە پێویستە وەزارەتی دارایی بەردەوام بێت لە چاکسازیکردن لە سیستەمی باج و رێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران.

ئەمڕۆ چوارشەممە (21ـی شوباتی 2024) بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر بەشداری و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات لە رۆژانی 12 تا 14ی ئەم مانگە.

ماوەی چەند ساڵێکە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستێکی باڵا بەشداری لەم لوتکەیە دەکات و پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکرێت. ئەمساڵیش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگی لە لوتکەکەدا ئەنجامدا و هەروەها سەرۆکوەزیرانیش، گوتارێکی سەرەکی لە لوتکەکەدا پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگیی چارەسەرکردنی پرسی گەلی کوردستانی کرد وەک بەشێک لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە بڕیارێک کرا بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی ڕسومات و کرێ و تێچووی تایبەت بە تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ کارسازیی و بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر و ئاسانتر بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکان لە هەرێم بە تێچوویەکی کەمتر و کاتێکی کورتر ودوور لە ڕووتین و ئەڵقەی ئیداریی زیاتر لە ڕێگەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی وڕاییکردنی مامەڵەکان و ئاسانكردنی ئەرکی سەرشانی ئەو گەنجانەی کە خوازیاری کاری بازرگانی و داهێنەرانەن، بە تایبەتی لە ڕووی کارئاسانیی لە بواری پێدانی باج بۆ کۆمپانیا نوێیەکان و بابەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی موڵکداریی فیکریی وهزریی داهێنەران.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران خشتەی نوێی ئەو رسوماتانەی پەیوەندیداربوون بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پەسەند کرد و لە دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

دواتر لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، کە تەرخانکرابوو بۆ پێداچوونەوە بە کەرتی باج لە هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی کێشە و دەرفەتەکان و چارەسەرەکان، سەرەتا کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کە بۆ ئەو بڕگەیە میوانداری کۆبونەوەکە کرابوو، ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی لە بارەی کەرتی باجەکان لە هەرێم بۆ ئەنجومەن خستەڕوو.

لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە واقیعی ئێستای باج کرد و ئاماژەیدا بە هەموو ئەو چاکسازیانەی لەم کابینەیە ئەنجامدراون بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی کەرتی باج بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەریی لە پێدانی باج بە بێ ئەوەی هیچ باجێک زیاد بکرێت یان ڕێژەکەی بەرزبکرێتەوە بەڵکو بڕ و ڕێژەی باج هەروەک خۆیەتی و گۆڕانکارییان تێدا نەکراوە، ئەوەی کراوە ڕێکخستنەوەی ڕێکار و پرۆسەکانی وەرگرتنی باجە و گرتنەبەری میکانیزمی نوێ و گونجاوە، بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج و نەهێشتنی لێخۆشبوونی ناڕەوا و نا یاسایی لە پێدانی باج و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ڕووتین.

بەو پێیەی باج یەکێکە لە داهاتە گرنگەکانی هەرێم کە رێکخستنەوە و برەوپێدانی کاریگەری گەورەی لەسەر گەشەی دارایی و بەرزکردنەوەی قەبارەی خزمەتگوزارییەکان و بەکارهێنانەوەی داهاتەکەی لە خەرجیە گشتیەکان و پڕکردنەوەی کورتهێنان دەبێت، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، بەردەوام بێت لە چاکسازیکردن لە سیستەمی باج و ڕێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران لە پڕۆژە و کۆمپانیاکان لە پێدانی باج، دەبێ بەشێوەیەکیش ڕێکبخرێتەوە کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و لە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت و ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی و ئابووری هاووڵاتیان بکات و بارگرانیی لە سەر کاسبکاران و کارسازان دروست نەکات.