ئەدیب و نووسەرانی کورد ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پاراستنی زمانی کوردی دەکەن

K24 - هەولێر:

فەریاد فازیل عومەر، دامەزرێنەر و سەرۆکی ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین، جان دۆست، ئەدیب و رۆماننووس، نەهلە قادر، ئەندامی لێژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق و ئەحمەد کانی، زمانناس و لێکۆڵەر لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، باسیان لە رەوشی زمانی کوردی لە پارچەکانی کوردستان کرد و سەرنج و تێبینی خۆیان بۆ مەبەستی زیاتر پەرەپێدانی زمانەکە خستەڕوو، هاوکات جەختیان لە پاراستن و زیندووهێشتنەوەی زمانەکە کردەوە.

 

فەریاد فازیل عومەر: فێربوونی زمان لەنێو خێزانەوە دەستپێدەکات

فەریاد فازیل عومەر، سەرۆکی ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین، دەڵێت: زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەدایە و ناتوانێت بەرگەی ئەو هەموو فشارانە بگرێت، بە تایبەت کاتێک کۆمەڵێک میدیا هەنە کە دەورێکی گەورەیان هەیە لە پەرتەوازەکردنی زیاتری زمانی کوردی، لەبری ئەوەی زمانەکە بەرەوپێش ببەن هەر یەکەیان هەڵدەستێت بە دانانی سیستەمێکی تایبەت بە داڕشتنی رستە.

فەریاد فازیل عومەر، ئاماژەی بەوەدا، دەبێت زمان بپارێزرێت ئەگەرنا لەناودەچێت، هەروەها فێربوونی زمان لەنێو خێزانەوە دەستپێدەکات.

سەرۆکی ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین، باسی لەوەکرد، دایک و باوکان هەڵەیەکی گەورە دەکەن کە هەوڵدەدەن منداڵەکانیان هەر لە سەرەتاوە بنێرنە ئەو دایەنگانەی کە زمانی بێگانەیان فێردەکەن.

جەختی لەوەشکردەوە، دایک و باوکان دەبێت هەست بەوە بکەن کە ئەو کارە هەڵەیە، ئەگەر منداڵەکە لە زمانی دایک بێبەری بکرێت ئەوە بەڕاستی جینۆسایدە.

فەریاد فازیل عومەر، گوتی: لەو نزیکانە پڕۆژەی فێربوونی زمانی کوردی بە 12 زمانی جیهانی جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش بیرۆکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بووە، دەواتنین بڵێن سەرۆکوەزیران بەو کارەی تاجێکی خستە سەر زمانی کوردی.

سەرۆکی ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین، گوتیشی: دەبێت هەوڵبدرێت لە قۆناغی قوتابخانە منداڵ فێری زمانی دووەم و سێیەم بکرێت نەک لە قۆناغی دایەنگە.

جان دۆست: دۆخی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بەراورد بە رابردوو زۆر باشترە

جان دۆست، ئەدیب و رۆماننووس، رایگەیاند، بلیتی مارکێتەکان لە هەولێر عەرەبییە، زمانی ئەو رەخنەیەشم ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکەم، دەبێت لە سەرجەم شوێنەکانی هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی بنووسرێت و بە زمانی کوردی قسە بکرێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، دەبێت بیانییەکان کە دێنە هەرێمی کوردستان فێری زمانی کوردی ببن، چونکە خەباتی کورد و پێشمەرگە بۆ زیندووهێشتنەوەی زمانی کوردییە.

ئەو ئەدیب و رۆماننووسە، راشیگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی باشی داوە بۆ پاراستن و زیندووهێشتنەوەی زمانی کوردی. لەبارەی رەوشی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستانیش ناوبراو گوتی: دۆخی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بەراورد بە رابردوو زۆر باشترە.

جان دۆست، باسی لەوەکرد، لەژێر دەسەڵاتی بەعسدا لە رۆژئاوای کوردستان قسەکردنی کوردی و نووسینی کوردی قەدەغە بوو، کاتێک ئەو رژێمە توانای جارانی نەما، توانرا هەندێک پەرە بە زمانی کوردی بدرێت، هەروەها لە پاش ساڵی 2012 هەندێک هەنگاوی باش بۆ بەرەوەپێشچوونی زمانی کوردی نراوە.

ئەو ئەدیب و رۆماننووسە، دەڵێت: زمانی کوردی لە رێگەی ئەدابیاتەوە پارێزراوە.

نەهلە قادر: بەپێی دەستوور لە عێراق کوردی و عەرەبی زمانی فەرمین

نەهلە قادر، ئەندامی لێژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: لە عێراق هەنگاوی باش نراوە بۆ بەرەوپێشچوون و زدیندووهێشتنەوەی زمانی کوردی، هاوکات بەپێی دەستوور لە عێراق زمانی کوردی و عەرەبی فەرمین.

ئەو ئەندامەی لێژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، لەنێو پەرلەمانی عێراق ئاساییە ئەگەر بە زمانی کوردی قسە بکرێت، یاخود نووسراو بە زمانی کوردی بێت، ئەمەش هەموو بە هەوڵی فراکسیۆنی پارتییە لەنێو پەرلەمانی عێراق.

نەهلە قادر، دەڵێت: لە ئێستادا لە هەوڵداین مامۆستای زمانی کوردی بۆ بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی بەغدا دابین بکەین، هەروەها ئامانجمانە زیاتر پەرە بە زمانەکە بدەین بۆ ئەوەی لە هەموو دامودەزگایەکی عێراقیش بتوانرێت بەکاربهێندرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: رێگری لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکەیەن کە دەیانەوێت زمانی کوردی لاواز بکەن.

ئەحمەد کانی: لە تورکیا 100 ساڵە زمانی کوردی وەک زمانێکی نەناس ناودەبرێت

ئەحمەد کانی، زمانناس و لێکۆڵەر، رایگەیاند، لە باکووری کوردستان دوو دیالێکتی کوردی هەیە، یەکیان کرمانجی، ئەوەیدیکەیان زازاکی، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا دیالێکتی زازاکی لەژێر مەترسی و لەناوچووندایە.

ئەو زمانناس و لێکۆڵەرە، راشیگەیاند، لە باکووری کوردستان 100 ساڵە زمانی کوردی وەک زمانێکی نەناس ناودەبرێت، لەکاتێکدا زمانی کوردی زمانێکی زیندووە لە سەرتاسەری جیهان.

ئەحمەد کانی، گوتی: دەوڵەتی تورکیا بە فەرمی دان بە بوونی زمانی کوردی نانێت، هەورەها لە پەرلەمانی تورکیاش دژایەتی زمانی کوردی دەکرێت و ناهێڵدرێت بە کوردی قسە بکرێت.

ئەو زمانناس و لێکۆڵەرە، باسی لەوەکرد، دەبێت مامۆستایان و سیاسەتمەدارانی کورد لە باکووری کوردستان شۆڕشێک ئەنجامبدەن و زمانی کوردی بە زیندوویی بهێڵنەوە.

21ـی شوباتی هه‌موو ساڵێك وه‌ك رۆژی جیهانیی زمانی دایك دیاریكراوه‌. له‌و رۆژه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆری چالاكی زمانه‌وانی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چن. زیاتر له‌ شەش هه‌زار زمان له‌ جیهاندا هه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا 100 جۆریان زمانی فه‌رمین.

بەگوێره‌ی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانی سویدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، زمانی کوردی له‌ پله‌ى 59مینى زمانه‌كانى جیهاندایه‌. له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقیش مادده‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ زمانی كوردی و به‌كارهێنانی له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی وڵاتدا جێگیركراوه‌، كه‌ خۆی له‌ ژماره‌یه‌ك بڕگه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ تاكو ئێستا به‌گوێره‌ی ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زمانی كوردیدا نه‌كراوه‌. 

لە دوای روخانی رژێمی بەعس، به‌هه‌وڵی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، لە ساڵی 2004 یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی کاتیی دەرچوو. له‌ یاساكه‌دا زمانی عەرەبی و کوردی بە زمانی فه‌رمی لە سەرتاسەری عیراق ناسێنران، دواتریش ئەو بڕگەیە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا جارێكی دیكه‌ چەسپێنرایه‌وه‌، بەڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت هێشتا هەندێک لە وەزارەت و دامودەزگا فیدراڵییەکانی عێراق ئەو ماددە و بڕگەیەی دەستوور پێشێل دەکه‌ن کە تایبەتە بە فه‌رمی ناسینی زمانی کوردی لە بەڵگەنامە و نووسراوە رەسمییەکانی عێراقی فیدراڵدا.