فیدان و بلینکن هەنگاوەکانی ئاگربەست لە غەززە و قەیرانی ئۆکرانیا لە بەڕازیل تاوتوێ دەکەن

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی بەشداری گرووپی جی 20
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی بەشداری گرووپی جی 20

K24- هەولێر

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی، ئەنتۆنی بلینکن، لە کۆبوونەوەی جی 20دا باسیان لە گرنگی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و کۆمەڵێک بابەتی دیکە لە بەڕازیل کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، کەناڵی "ێن تی ڤی" رایگەیاند، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی جی 20 لە بەرازیل، کۆبوونەوە.

لەو چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، فیدان و بلینکن باسیان لەو هەنگاوانە کردووە کە دەتوانرێت بگیرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بە زووترین کات.هەروەها هەردوو وەزیرەکە باسیان لە ململانێکانی ئۆکرانیا و پرۆسەی فراوانکردنی ناتۆ، دانوستانەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا سەبارەت بە پەیمانی ئاشتی، رووداوەکانی دیکەی ناوچەکە و خشتەی سەردانەکانی ئاستی باڵا لە ماوەی داهاتوودا کردووە".

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی جی 20 گوتارێکی پێشکەشکرد، تێیدا داوای چارەسەرکردنی قەیرانی کەرتی غەززە بە زووترین کات لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بۆ بەشداریکردن لە یەکلاکردنەوەی پرسی فەڵەستین لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی.

وەزیری تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ رووبەڕووی "چەندین کێشە" بووەتەوە کە پەیوەندییان بە نایەکسانی جیهانی و نادادپەروەری و لاوازی ئابووری و کێشە ژینگەییەکانەوە هەیە. هەروەها ئاماژەی بە گرنگی هەوڵەکانی گرووپی 20 کرد لە بوارە جیاوازەکاندا، چونکە رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە.

یەکەم دانیشتنی گرووپی 20 کە لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەڕازیل بەڕێوەچوو،و شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەشی سەرەکی دانیشتنەکە بوو.

ماورۆ ڤیێرا، وەزیری دەرەوەی بەرازیل رەخنەی لە ئەنجومەنی ئاسایش لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا گرت، هاوکات وەزیری دەرەوەی سعوودیە داوای لە وڵاتانی ئەو گروپە کرد "رێوشوێنی مانادار بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بگرنەبەر و پشتگیری لە رێگایەکی متمانەپێکراو و چارەسەری بە دوو دەوڵەت بکەن".

وەزیرەی دەرەوەی بەڕازیل روونیکردەوە کە وڵاتەکەی "چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە هێزی سەربازی قبوڵ ناکات"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەڵوێستی بەڕازیل سەبارەت بە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە روونە و ئەمەش چەند جارێک لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە روون بووەتەوە ."