سێنتکۆم: ژمارەیەک مووشەکی بالیستی حوسییەکانمان لەناوبردووە

K24 - هەولێر

سوپای ئەمەریکا لە هەردوو دەریای عوممان و عەرەب چەند هێرشێکی لە دژی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە ژێرناوی بەرگریکردن لەخۆ ئەنجامدا و رایدەگەیەنیت، ئەو شوێنانەشیان دەست نیشانکردووە، کە هەڕەشەی راستەوخۆ لە سەر جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، لە سەنعای پایتەختی یەمەن چوار هێرشیانکردووە و حەوت مووشەکی خۆری کرووزی بالستی دژە کەشتیان لەناوبردووە، کە چەکدارە حوسییەکان ئامادەیان کردبوو بۆ هەڵدان بە ئاراستەی دەریای سوور و بە ئامانگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا، سێنتکۆم ئاماژەی بە خستنەخوارەوەی درۆنێکیش داوە.

فەرماندەییەکە دەڵێ؛ لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکاندا شوێنی هەڵدانی مووشەک و درۆنەکانی چەکدارە حوسییەکانیان دەست نیشانکردووە، کە دەبنە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

هێرشەکانی ئەمەریکا لە کاتێکدان، دوێنێ چوارشەممە چەکدارە حوسییەکانی یەمەن، بە دوو مووشەکی بالیستی کەشتی (ئێم ڤی سی)یان کردە ئامانج، کە ئاڵای یۆنانی هەڵکردبوو لە رێگەدا بوو بۆ لەنگەر گرتن لە بەندەری عەدەن و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە خەڵکی یەمەن، بەڵام مووشەکەکان کەشتییەکەیان نەپێکابوو، تەنیا یەكێک لە مووشەکەکان لە نزیک کەشتییەکە تەقیوەتەوە و زیانێکی کەمی هەبووە.

هەروەها رۆژی سێشەممە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا درۆنێکی جۆری MQ-9 هێزەکانیان لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن لە لایەن چەکدارانی حوسیی خراوەتە خوارەوە.

رۆژی دووشەممەش، یەکێتیی ئەوروپا رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەریایی "ئەسپیدس" لە دەریای سوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی حوسییەکان لە ناوچەکە.

لە 19ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 چەکدارە حوسییەکان جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و ناوچەکە دەکەنە ئامانج، ئەمەش وەک پشتیوانییەک لە چەکدارانی حەماس و کەرتی غەززە لە دژی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە، لە بەرانبەردا هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا لە 12ی کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە هێرشەکانیان بۆ سەر چەکدارە حوسییەکان چڕکردووەتەوە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی جووڵەی دەریایی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان 12% جووڵەی بازرگانی جیهانی لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت.