زیاتر لە سەدا 95ی سوودانییەکان ناتوانن رۆژانە ژەمێکی تەواو بخۆن

قەیرانی خۆراک لە سوودان
قەیرانی خۆراک لە سوودان

K24 - هەولێر

رێکخراوی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشكرایکرد، بەشی زۆرینەی دانیشتوانی سوودان لە قەیرانێکی قورسی برسێتیدان و تەنیا کەمتر لە 5%ی سوودانییەکان دەتوانن لە رۆژێکدا ژەمێکی تەواو دابین بکەن.

ئێیدی رۆی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە سوودان لە برۆکسل بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، کەمتر لە 5%ی دانیشتوانی سوودان توانایان هەیە ژەمە خواردنێکی تەواو لە شەو و رۆژێکدا دابین بکەن، هۆکارەکەشی ئەو شەڕە ناوخۆییەیە، کە لە ناوەڕاستی نیسانی ساڵی رابردوو روویدا.

بەگوێرەی رووپێوییەکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆی 48 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی سوودان، نزیکەی 25 ملیۆنیان پێویستیان بە هاوکارییە و لە نێویاندا 18 ملیۆن کەسیان رووبەڕووی برسێتییەکی توندبوونەتەوە، هەروەها نزیکەی پێنج ملیۆنیش لەبەردەم کارەساتێکی گەورەی مرۆییدان بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە.

هەر لەمبارەوە، مایکل دانفۆرد بەڕێوەبەری هەرێمی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا رایگەیاندووە، رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بوونەتەوە بۆ بەدەستهێنان و کۆکردنەوەی زانیارییە بەهۆی فراوانی سنوورەوە بۆ ئەوەی قەیرانی برسێتی رابگەیەنن.

بەگوێرەی بەدواداچوونی پسپۆرانی سەر بە نەتەوەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو شەڕەی لە 15ی نیسانی ساڵی 2023 لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا روویدا، نزیکەی 15 هەزار کەس تەنیا لە دارفۆر کوژران، هەروەها نزیکەی هەشت ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون، کە نیوەی زیاتریان منداڵان بوون.