تورکیا چالاکوانێکی سووری بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ فەرەنسا دەستگیرکرد

وێنە، ئەحمەد قەتیع، لە میدیا تورکییەکان بڵاوکراوەتەوە
وێنە، ئەحمەد قەتیع، لە میدیا تورکییەکان بڵاوکراوەتەوە

K24 - هەولێر

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ فەرەنسا، چالاکوانێکی سوورییان دەستگیرکردووە کە بەرگری لە پەنابەران کردووە.

رۆژنامەی 'سەباح' بڵاویکردەوە، ئەحمەد قەتیع لەگەڵ دوو سووری دیکە لە بورسا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ هەواڵگری فەرەنسا دەستگیرکراون، ئەمەش ئاماژەیە، بۆ ئەوەی کە قەتیع لە ساڵی 2013ەوە بە شێوەیەکی یاسایی لە تورکیا نیشتەجێیە، بەڵام پێش ئەوەی دەستگیربکرێت لە ژێر چاودێریی دابووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە رایگەیاندووە، ئەحمەد قەتیع لە کاتێکدا دەستگیرکراوە، کە خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەی تورکیا بەجێبهێڵێت بچێتە فەرەنسا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەری لەو وڵاتە بکات.

لە 27ـی تشرینی دووەمی 2023، قەتیع کە چەندین جار لە سووریا زیندانی کرابوو، بە گوتەی کەسوکارەکەی بێسەروشوێن بووە، هاوسەرەکەشی لە 30ـی هەمان مانگ هەواڵی بێسەروشوێنبوونی بڵاوکردەوە.

دوای چەند رۆژێک، چەند رێکخراوێکی تورکیا و سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا، تیایدا نیگەرانی خۆیان لە دیارنەمانی ئەو دەربڕی.

لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا، قەتیع لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی نووسی و تیایدا راگرتنی چالاکییەکانی شانبەشانی پەنابەرانی سووریای ڕاگەیاند بەهۆی بارودۆخ و فشاری تایبەت.