گەنجێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا

K24 - هەولێر

گەنجێکی دیکەی کوردی خەڵکی سەڵماسی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە مەرگی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ئێران لە شاری ورمێ دەستگیرکرابوو، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بۆ دەرکرا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، شاهین وەساف تەمەن 27 ساڵ، لە (21ی ئەیلوولی 2022) لەگەڵ خۆپیشاندەرێکی دیکە لە میانی خۆیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمنی دەستگیرکرابوون، بەڵام لە لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدان بۆ شاهین وەساف دەرکرا و لە (3ی ئۆکتۆبەری2023) لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ سزاکەی راگەیەندراوە.

رێکخراوەکە ئاماژەیداوە، دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی هەردوو دەستگیرکراوەکە بەبێ بوونی پارێزەری بەرگریکار بەڕێوەچووە و دوای چەند رۆژێک گەنجکەی دیکە ئازادکراوە، بەڵام شاهین وەساف لەزیندان ماوەتەوە و لە ژێر زەبری ئەشکەنجەدان دابپێدانانی لێوەرگیراوە و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی بۆ دەکراوە.

هەروەها شاهین وەساف لە مافی هەبوونی پارێزەر و بینینی خانەوادەکەشی بێبەشکراوە.

بەگوێرەی دوا راپۆرتی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، نزیکەی 33 زیندانی بە تۆمەتی کار و چالاکیی سیاسیی لەبەردەم مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندانن.

رێکخراوەکە لە راپۆرتێکەیدا ناوی تەواوی زیندانییەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، لە گرتووخانەکانی شیبانی ئەهواز، دیزل ئابادی کرماشان، قزلحەساری کەرەج، زاهیدان، وەکیل ئابادی مەشهەد، ماهشەهر، ئەوین، سنە، ورمێ و ئیسفەهان، کە بەشێکیان هاووڵاتییانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن، بەهۆکاری چالاکی سیاسیی دەستگیرکراون، بەڵام بە تۆمەتی سیخوڕی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەکراوە.

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە، تەنیا لە مانگی رابردوودا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 86 کەس لەسێدارە دراون، کۆی ئەوانەشی لە ساڵی 2023دا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە 791 کەس بوون، لە نێویاندا 25 ئافرەت و دوو منداڵ هەبوون، کە بەراورد بە ساڵی 2022 رێژەکە %33 زیادی کردووە.