کەشناسی پێشبینی بارینی بەفرو باران دەکات

K24 - هەولێر

بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژە بە ئەگەر بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەکان و بارانبارین لە چەند ناوچەیەک دەکات.

بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ی شوباتی 2024) ئاسمان لە نێوان ساماڵ و نیمچە هەور دەبێت، ئەگەر هەیە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری باکوور تاڕادەیەک نمە باران ببارێت.

هەروەها پلەکانی گەرما ئەمڕۆ لە کەرکووک و گەرمیان بەرزترین پلە تۆمار دەکرێت، کە 19 پلەی سیلیزییە و نزمترینیش -2 پلەی سیلیزی لە سنووری شارەدێی حاجی ئۆمەران تۆماردەکرێت، کە دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەولێر، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو بەفرەی لەو ناوچەیە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان باریوە.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی سبەی هەینی (24ی شوباتی 2024)، ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت و ئەگەری نمە بارانی کەم کەم هەیە لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بارینی کەمێک بەفر لە شاخەکانی ناوچە سنوورییەکان.

هەروەها پلەکانی گەرما بە گشتی نزیک دەبێتەوەو تەنیا لەناوچە شاخاوییەکان نەبێ کەمێک نزم دەبیتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممە.