وەزیری بازرگانی: چەند رێکارێکمان بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور دیاری کردووە

ئەسیر غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق و کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان
ئەسیر غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق و کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان

K24- هەولێر

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانمان لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور و چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکە ئاگادارکردووەتەوە. وەزیری بازرگانی عێراقیش دەڵێت، کۆگاکان پڕن لە خۆراک و ئاسایشی خۆراکی عێراق زامنە.

لە سەردانێکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی و ژووری بازرگانی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئەسیر غەریری وەزیری، بازرگانی عێراق رایگەیاند، سەبەتەی خۆراکی تایبەت بە مانگی رەمەزان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن و گوتی؛ لە نێوان ئێمە و وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی بەرهەمهێنانی چەند جۆرە ماددەیەک و ئامادەکارییەکانی پێشوازی لە مانگی رەمەزان و ئامادەکردنی سەبەتەی خۆراک بۆ ئەو خێزانانەی هەژارن گفتوگۆمان کردووە، هەروەها گفتوگۆمان لەبارەی چەند هەنگاو و رێكارێکی دیکە کردووە بۆ پیشخستنی پەیوەندییەکان و کارکردنێکی باشتر، هەرچەندە پەیوەندییەکانی هەردوو وەزارەت لە ئاستێکی باشدان، بەڵام هەوڵی پەرەپێدانی زیاتری دەدەین، بۆ ئەمەش بەرنامەیەکی نوێمان دەبێت بۆ تەواوی لایەن و سێکتەرەکان.

وەزیری بازرگانی عێراق رشیگەیاند، عێراق توانای بەرهەمهێنانی خۆراکی هەیە و بە نیازن لە مانگی داهاتوودا چەند پرۆژەیەکی گرنگ و باش رابگەیەنن، چونکە پێشتر ئاسایشی خۆراک لە عێراق لەبەردەم مەترسیدابووە، بەڵام ئێستا پارێزراوە و ماددە خۆراکییەکان لە کۆگاکاندا زۆرن و بەرهەمهێنانی دانەوێڵەش بەراورد بە ساڵای رابردوو زیاتر بووە.

ئەسیر غەریری گوتی؛ دەتوانم بڵێم بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانیش دابینکراوە، بۆیە پێویست ناکات هاوڵاتییان هیچ نیگەرانی دوودڵییەکیان هەبێت، جیا لەوەش توانیومانە کۆنترۆڵی گرانکردنی خی خۆراک و کەلوپەلە خۆراکییەکان بکەین.

لەلایەن خۆیەوە، وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور رایگەیاند، لە رێگەی نووسراوێکەوە ئەنجومەنی وەزیرانمان لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور ئاگادارکردووەتەوە و رێکارو هەنگاوەکانی دابەزاندنی نرخیشمان روونکردووەتەوە.