وەزیری ئاوەدانکردنەوە: پرۆژەی پردی تووەقوت بەگوژمەی زیاتر لە 30 ملیار دینار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون

K24 - هەولێر

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆژەی پردی تووەقوت یەکێکە لەو پڕۆژانەی لەسەر داواکاری پارێزگار و خەڵکی هەڵەبجە و لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەم پڕۆژە گرنگی پێدەدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا لەساتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی "تووەقووت" گوتی: "بە دڵنیاییەوە خزمەتکردنی خەڵکی شاری هەڵەبجە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان بکات، ئەم پڕۆژە یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەم، لەدوای چەندین سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە ئەمە یەکێک بووە لە داواکارییەکانی پارێزگار و خەڵکی هەڵەبجە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش، ئەم پڕۆژە دەبێت گرنگییەکی تایبەتی پێبدەین."

بەگوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و  نیشتەجێبوون: "ئێمە وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئێمە هەستاین بە دیزاینکردنەوە، کە پێشتر دیزاینێکی بۆ کرابوو لەگەڵ درێژی و قوڵایی بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوبەری نە دەگونجا. دوای تەواوکردنی پڕۆسەی دیزاین و تەندەری توانیمان پڕۆژەکە بگەیەنینە ئەم قۆناغەی ئێستا. ئەم پڕۆژەیە لە 360 مەتر درێژی پرد پێکدێت، کە لە هەشت سپان خۆی دەبینێتەوە کە شەش سپانیان48 مەترن دوو سپانیشیان 36 مەترە لەگەڵ رێگا بەستەرەوەکانی ئەم پردە بە هەردوودیودا بە درێژی 27 کیلۆمەترە. بە گوژمەی زیاتر لە 30 ملیار و 345 ملیۆن دینار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

دانا عەبدولکەریم راشیگەیاند، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن دوو کۆمپانیاوە دەکرێت کە هەردووکیان شارەزاییەکی باشیان هەیە لە دروستکردنی پرد و رێگاوبان بە پێی ئەو سیڤییانەی پێشتر کە پێشکەشیانکرد بوو بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەکە.