مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەهۆکاری سیاسی دواخراوە

لێدوانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24
لێدوانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، "دەبووایە هەڵبژاردن لە کات و وادەی خۆی بکرابووایە، بەڵام دوو ساڵە بەهۆکاری سیاسی دواخراوە". دەشڵێت، "هەر بڕیارێک دژ و پێچەوانە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، هەڵوێستی خۆمان دەبێت". 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، گوتی: "دەبێت خوێندنەوەیەکی ورد و بابەتیانەی بۆ بکەین بۆ ئەوەی بزانین بە چ شێوازێکە، هەر کاتێک بە نووسراو و فەرمی بڕیارەکانمان پێ گەیشت، ئەو کاتە هەڵوێستی خۆمان دەردەبڕین".

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دا: "بێگومان هەر بڕیارێک دژ و پێچەوانە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، ئەو کاتە هەڵوێستی خۆمان بەڕوونی دیار دەکەین. سەبارەت بە بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختیکردەوە، "ئێمە لەگەڵ ئەوەبووین و دەبووایە هەڵبژاردن لە کات و وادەی خۆی بکرابووایە، بەڵام دوو ساڵە بەهۆکاری سیاسی دواخراوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەو بۆچوونەین و بڕوامانوایە و باشترە هەرچی زووترە هەڵبژاردن بکرێت، بە جۆرێک مافی هەموو پێکهاتەکان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تێیدا جێگیر ببێت". 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگەی هەڵەبجە کرد و دوای  بەسەرکردنەوەی مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و دانانی تاجە گوڵینە، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوی دانا.

لە ڕێورەسمەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت لە ڕێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان داوە و ئازارێکی زۆریان چەشتووە. هەڵەبجە ئەمڕۆ بووەتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان؛ بەڵام جێی داخە، کە هەڵەبجە وەکو پێویست خزمەتی نەکراوە و لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و هەموومان، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکاری گشت شەهید و ئەنفالکراوانی کوردستان بزانین".