وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: لە کۆتایی ئەم مانگەدا بزووتنەوەی حەماس و فەتح لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە

میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا
میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا

K24- هەولێر

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس و فەتحی فەڵەستینی لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە.

ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە، شاندی بزووتنەوەی" حەماس و فەتح"ـی فەڵەستینی لە 29ـی شوبات، لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە.

پێشووتر عەبولحەفیز نۆفل، باڵیۆزی فەڵەستین لە رووسیا رایگەیاندبوو، جێگری سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی حەماس موسا ئەبو مەرزوق، سەرۆکایەتی شاندی بزووتنەوەکە دەکات بۆ دیداری فەڵەستینی-فەڵەستینی کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە مۆسکۆ بەرێوەبچێت.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاشکرایکرد، لەداهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەی فەلەستینییەکان بەبەشداری هەموو کوتلە گەورەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەو دابەشکارییە لە مۆسکۆ ئەنجام دەدرێت.

لاڤرۆڤ گوتیشی: رووسیا داوای کردووە دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان بکرێتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین.