کاروان جەلال: دادگای فیدراڵی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستانی هەڵنەوەشاندووەتەوە

کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتا و زانیاری لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتا و زانیاری لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت؛ دادگای باڵای فیدراڵی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی و راپرسی هەرێمی کوردستانی هەڵنەوەشاندووەتەوە، تەنیا کارەکانی بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هەڵپەساردووە.

کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتا و زانیاری لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، دادگای فیدراڵی دەستەی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندووەتەوە و لە شوێنی ئەو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی داناوە، کە دیوێکی ئەو بڕیارە نایاساییە.

ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە یاسای ژمارە 4 لە ساڵی 2014 دامەزراوە و دامەزراوەیەکی نیشتمانییە، دادگای فیدراڵی هەڵینەوەشاندووەتەوە، تەنیا کارەکانی هەڵپەساردووە.

کاروان جەلال، دەڵێت: هۆکاری هەڵپەساردنی کارەکانی کۆمیسیۆنیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ماوەی کارکردنی بەسەرچوبوو، پێویست بوو پەرلەمانی کوردستان پێش ئەوەی ماوەی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەسەر بچێت کارای بکردبایەوە.

رۆژی چوارشەممە (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.