پێشەوا هەورامانی: بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەموو بوارەکاندا تایبەتمەندی بە هەڵەبجە دەدرێت

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرا کرد و رایگەیاند: بەتەنیا جێی نەهێشتین و فەرمانیدا لە هەموو بوارەکاندا هەڵەبجە تایبەتمەندی پێبدرێت.

رۆژی پێنجشەممە (22ـی شوباتی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: "من لە نزیکەوە ئاگادارم چەند جارێک بوو لەلایەن جەنابی سەرۆکوەزیران پلانی چوونە هەڵەبجە دادەنرا، بەڵام هەرجارە و بە هۆکارێک شتێک دروستدەبوو یان دروستدەکرا سەردانەکە دوا دەکەوت".

پێشەوا هەورامانی رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاتە هەڵەبجە و لەگەڵ دانیشتنی لەگەڵ ئیدارەی شارەکە فەرمووی، هاتووم گوێبگرم و قسەی ئێوەم دەوێ چیبکەین بۆ ئەم شارە".

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکە، پێشەوا هەورامانی روونیکردووەتەوە: "بەڵام من نیگەرانیم بینی لەوەی کە بۆچی تا ئێستا ئەوەی بۆ هەڵەبجە کراوە نە لە ئاست تموحی خەڵکەکەی بووە نە جەنابییان و گوتی کە "هەڵەبجە دەبوو زیاتر و باشتر خزمەتبکرێت و ئەمەی بۆی کراوە من زیاتر لەمەم دەوێت".

هەروەها گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە هەموو بوارەکاندا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکردووە هەڵەبجە تایبەتمەندی پێبدرێت و دەبێت ئەم شارە ببوژێتەوە بەو جۆرەی کە دەبوو بۆی بکرێت کە زۆر لەمێژە دەبوو بکرایە.

لەبارەی ناوەڕۆکی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە، پێشەوا هەورامانی باسی لەوەکردووە، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پرۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشتیاری و کشتوکاڵ لە هەڵەبجە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و رێنمایی و مەرجی قورس لەسەر ئەم پارێزگایە دەبێت هەڵبگیرێن و بازرگان و سەرمایەدارانی هاندا کە بێنە هەڵەبجە بۆ کارکردن و  حکومەت رێگایان بۆ ئاساندەکات هەتا خزمەت بکەن.

بڕیارەکانی دیکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە وەک گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەبێت پارەیەک بۆ پارێزگاکە تەرخانبکرێت، شەقامەکان دەبێت کارییان تێدا بکرێت و چاکبکرێن، دەبێت کۆلیژی پزیشکی دادەمەزرێت و 500 کەس دابمەزرێندرێن لە هەڵەبجە، ماستەر پلانی هەڵەبجە کاری لەسەر دەکرێت و کەرتی تەندروستی و کۆمەڵێک بواری دیکە کارییان لەسەر دەکرێت کە پێویستن بۆ شارەکە و رێککارەکانی بەقەزابوونی خورماڵیش خێرا دەکرێن.

پێشەوا هەورمانی جەختیکردووەتەوە کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خەمخۆرانە و دڵسۆزانە گوێی لە کەسوکاری قوربانییان دەگرت و لەکاتی روونکردنەوەکانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، حەسرەت و خەمی کوردێکی خاوێن و رەسەن و خەمخۆر بەدیدەکرا کە زۆر خەمخۆرانە پرسیاری دەکرد و داوای وەڵامی دەکرد.

هاوکات بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریی هەڵەبجەییەکان، پێشەوا هەورامانی ئاشکرایکردووە، بۆ هەموو ئەو داواکارییانەی ئەمڕۆ و یاداشتە نۆ خاڵییەکەی پارێزگای هەڵەبجە، لیژنەیەکی تایبەت لە هەولێرەوە دێنە هەڵەبجە و نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی جێبەجێکردنی خاڵەکان دەکات.

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "لە کۆتایشدا گرێکوێرەکەی تووەقوت کرایەوە و لەسەر دەستی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیە دانرا کە خواستی دێرینی هەڵەبجەییەکانە".

رۆژی پێنجشەممە (22ـی شوباتی 2024) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندێکی یاوەری لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد و بەردی بناخەی چەندین پرۆژەی دانا و چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی پارێزگاکەشی بەسەرکردەوە و گوێی لە داخوازی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان گرت.