ئانۆ جەوهەر: یەکێتی هەڵەیەکی مێژوویی کرد و لە تاقیکردنەوەی پێکەوەژیان دەرنەچوو

ئانۆ جەوهەر، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی حاموڕابی
ئانۆ جەوهەر، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی حاموڕابی

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی حاموڕابی دەڵێت: ئەمە دووەمینجارە یەکێتی کارێک دەکات کە دەبێتە پێشێلێکردنێکی مێژوویی پێکەوەژیان . گوتیشی: سەرۆک بارزانی یەکەمین کەس بوو کە پشتگیری لە مافی پێکهاتەکان کرد.

ئانۆ جەوهەر، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی حاموڕابی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 ئاشکرایکرد، راگەیەندراوەکەی پارتی لە جێگەی خۆی بوو و بەرگرییان کرد لە مافی پێکهاتەکان، هەروەها بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە کورسی پێکهاتەکان دژی دەستوور و پێکەوەژیانە.

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی حاموڕابی ئاماژەی بەوەدا، دادگای فیدراڵی بەهۆی سکاڵای یەکێتی ئەو بڕیارەی دەرکرد، بەڕاستی یەکێتی بەم کارە هەڵەیەکی مێژووی کرد و لە تاقیکردنەوەی پێکەوەژیان دەرنەچوو

ئانۆ جەوهەر، گوتی: سەرۆک بارزانی یەکەمین کەس بوو کە پشتگیری لە مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

ناوبراو باسی لەوەکرد، زۆرینەی ئەو کەسانەی کە لە ئێستادا لە بەغدا حکوم دەکەن، ئەقڵییەتێکی یەکترقبوڵکردنیان نییە، بەڵکو حەز دەکەن ئەم عێراقە تەنیا لەلایەن یەک نەتەوەوە بەڕێوەببرێت، هەروەها بیرۆکەی دیکتاتۆریەت لە عێراق بەردەوام دووبارە دەبێتەوە

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی حاموڕابی، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئەمە دووەمینجارە یەکێتی کارێک دەکات دەبێتە پێشێلێکردنی مێژوویی پێکەوەژیان، یەکەمیان؛ سەرۆککۆماری عێراق بە مەرسومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووە کە تایبەتە بە کاردینال لویس رافایل ساکۆ، پاتریاركی کەنیسەی كلدانی له‌ عێراق. دووەمیان؛ سکاڵایان لەسەر کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد.

ئانۆ جەوهەر، گوتیشی: ئێمە بێدەنگ نابین و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێنینە سەر هێڵ و لە پیشێلکردنی مافەکانمان خۆش نابین.

رۆژی چوارشەممە (22ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی لە 12ـەمین دانیشتنیدا بریاری لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتییەوەدا، بەپێی بریارەکە ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111ـەوە کەمکرایەوە  بۆ 100 کورسی.