باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق سوپاسی کوردستان24 دەکات

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق
فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق بۆ رووماڵکردنی رۆژی نیشتمانی وڵاتەکەی، سوپاسی کوردستان24 دەکات و دەڵێت لە رێگەی ئەوانەوە توانیم پەیامی خۆم بگەیەنمە خەڵکی کوردستان.

رۆژی پێنجشەممە (22ـی شوباتی 2024) فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بەشێک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی بۆ کوردستان24 بڵاوکردووەتەوە و بە زمانی کوردی نووسیویەتی: "سوپاسی تیمی کەناڵی کوردستان24 دەکەم".

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ ئاماژەی بەوەشکردووە: "کەناڵی کوردستان24 رووماڵی رۆژی نیشتمانی ئێمەیان بەشێوەی راستەوخۆ کرد. لەم رێگەیەوە توانیم پەیامی خۆم بگەیێنمە خەڵکی کوردستان".

رۆژی (20ـی شوباتی 2024) لە بۆنەیەكی تایبەتدا لە هەولێر، بەبۆنەی یادی رۆژی نیشتمانی وڵاتەكەیەوە، فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رایگه‌یاند، چاوم لەوەیە ژاپۆن و كوردستان داهاتوویەكی گەشتر و باشتریان هەبێت.

ئەو بۆنەیە لە شاشە و سۆشیال میدیای کوردستان24 بەشێوەی راستەوخۆ بڵاوکراوەیەوە و باڵیۆزی ژاپۆنیش لە عێراق پەیامی وڵاتەکەی بە هاووڵاتییان و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند.

هەروەها لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ بە ھەورامی سڵاو لە بینەرانی کوردستان24 دەکات و دڵخۆشی خۆی بە قسەکردن بۆ کوردستان24 دەربڕی.