پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین

سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامن، هاوکات دەڵێت: لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ـی شوباتی 2024) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبن.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، باسی لەوەشکرد، ئێمە لەسەر ئارەزووی حکومەتی عێراق لەو وڵاتەداین، ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەمانە بە بەرزی دەنرخێنین، ئەمە بەشێکە لە کارەکانی ئەرکی تێکشکاندنی داعش، لیژنەی باڵای سەربازی لەوێیە تا گفتوگۆبکات پەیوەندییەکانمان و بوونمان لەعێراق چۆنە و ئەو گفتوگۆیانە بەردەوامن و بە دڵنیاییەوە بەشداری تێیدا دەکەین.

پێشتریش سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا  لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی گوتبووی: جارێكی دیكە ئێمە هەموو ئەوانە بەبەرپرس دەزانین هێرشدەكەنە سەر هێزەكانمان، تا ئێستا زیاتر لە 170 جار هێرشكراوەتەسەر هێزەكانمان لە سووریا و عێراق.

ناوبراو باسی لەوەشکردبوو، بەردەوام چاودێری دۆخی عێراق دەکەین، هەروەها لەگەڵ حکومەتی عێراق پێکەوە کار دەکەین.