محەممەد حاجی مەحموود: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پڕن لە رق و قینە

محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە دراون پڕن لە رق و قینەو، ئامانج لێی بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و، خنکاندنی دیموکراسییە.

محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق ئەوانەی پێشوو و بە تایبەت ئەوەی دوێنێش پڕ بوو لە رق و قینە بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان، هاوکات خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت ئەوە قبوڵ نەکەن.

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی خنکاندنی پڕۆسەی دیموکراسییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها وشکردنی سەرچاوەی دارایی خەڵکە.

محەممەد حاجی مەحموود، گوتیشی: ئەگەر کورد ئەوانە قبوڵ بکات بە دڵنیاییەوە بزماری لە تابوتی خۆی داوە.

شرۆڤەکارێکی سیاسیش، لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، دادگای فیدراڵی بووەتە جێگرەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکان لە عێراق، دادگاکە هەژموونی بەسەر هەموو دامەزراوەکانی عێراق هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وای کردووە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر، بە ئەگەرێکی زۆریش بڕیارەکانی دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری عێراق.

رۆژی چوارشەممە (22ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی لە 12ـەمین دانیشتنیدا بریاری لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتییەوەدا، بەپێی بریارەکە ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111ـەوە کەمکرایەوە  بۆ 100 کورسی.