توێژینه‌وه‌یه‌ك: ڤیاگرا سوودی بۆ نه‌خۆشی زه‌هایمه‌ر هه‌یه
K24 - هەولێر:
ڤیاگرا دەتوانێت دەرمانێکی بەسوود بێت بۆ ئەو پیاوانەی کە کێشەی کۆئەندامی زاوزێیان هەیە و له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ندا یارمەتیان دەدات بۆ پاراستنی ژیانی سێکسییان. مایه‌ی سه‌رنجه توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڤیاگرا ره‌نگه بۆ مێشکی کەسانی بەته‌مه‌ن سوودی هەبێت.
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئەنجامەکانی توێژینەوەکە لەسەر بنەمای توێژینەوەیەکی بەرفراوان کە لەسەر نزیکەی 270 هەزار پیاوی تەمەن مامناوه‌ند لە بەریتانیا ئەنجام دراوە، ئه‌وه‌ی روون كردووه‌ته‌وه كه ڤیاگرا سوودی بۆ مێشكی پیاوانی به ته‌مه‌ن هه‌یه.
توێژەرانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن تۆمارە پزیشکییە ئەلیکترۆنییەکانیان بەکارهێناوە بۆ بەدواداچوونی تەندروستی ئەو پیاوانە، کە تەمەنیان 40 ساڵ یان زیاتر بووە و لە ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2017 تووشی كێشه‌ی کۆئەندامی زاوزێ بوونه.
باری تەندروستی و رەچەتەی هەر پیاوێک لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک له‌لایه‌ن توێژه‌رانه‌وه بەدواداچوونی بۆ کراوه و تێکڕای ماوەی بەدواداچوون پێنج ساڵ و یه‌ك مانگ بووه.
لە ماوەی توێژینەوەکەدا هەزار و 119 پیاو تووشی نەخۆشی زەهایمەر بوون. توێژەران تێبینی شێوازێکی جیاوازیان کردووە، به‌شێوه‌یه‌ك ئەو پیاوانەی ڤیاگرا یان دەرمانێکی هاوشێوەیان بۆ نووسراوە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی زەهایمەر بە رێژەی 18% کەمترە، بە بەراورد بەو پیاوانەی کە ئەو جۆره دەرمانەیان نەخواردووە.
هەروەها توێژەران جیاوازییەکی دیكه‌یان لەنێوان ئەو پیاوانەدا دۆزیەیوە کە زیاتر ڤیاگرا بەکاردەهێنن. لەناو زۆرترین بەکارهێنەران، بە پشتبەستن بە کۆی رەچەتە، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر بە رێژەی 44% کەمتر بووە.
سێڤیل یاسار، مامۆستای یاریدەدەری پزیشکی لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز له‌و باره‌یه‌وه گوتوویه‌تی، ڤیاگرا هۆكارێكی بۆ گه‌یاندنی خوێن بۆ شوێنی مه‌به‌ست (كۆئه‌ندامی زاوزێی پیاوان) به‌و شێوه‌یه بۆ گه‌یاندنی خوێن بۆ شوێنه‌كانی دیكه‌یش به‌تایبه‌ت بۆ مێشك یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت، به‌مه‌ش مێشك له رێژه‌ی تووشبوون به زه‌هایمه‌ر ده‌پارێزێت.