دەم پارتی: لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی کورد ئامادەین لەگەڵ هەر پارتێکی سیاسی دابنیشین

دەم پارتی
دەم پارتی

K24 – هەولێر:

گوتەبیژی دەم پارتی رایگەیاند، هیچ کۆبوونەوەیەکی نهێنی ئەنجام نەدراوە و هەر کۆبوونەوەیەکیش هەبێت لەبەردەم رای گشتی دەبێت، جەختیشیکردەوە، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی کورد ئامادەن لەگەڵ هەر پارتێکی سیاسی دابنیشن و کۆببنەوە.

رۆژی (22ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بوونی هەماهەنگی و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، هیچ کۆبوونەوەیەکی نهێنی نەکراوە و هەر کۆبوونەوەیەکیش هەبێت لەبەردەم رای گشتی دەبێت.

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی دەم پارتی دوای ئەوە دێت، کاتیک دەم پارتی بریاریدا لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە کاندیدی هەبێت، بەرەی ئۆپۆزیسیۆن وایلێکدایەوە کە لەگەڵ ئاکپارتی رێککەوتوون چونکە پێشتر کورد لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە کاندیدی نەبوو، پاڵپشتی لە کاندیدەکەی جەهەپە دەکرد.

هەرچەندە دەم پارتی رەتی دەکاتەوە لەگەڵ ئاکپارتی کۆبوونەوەی نهێنیی ئەنجامدابێت بەڵام دەرگاکان داناخات و دەڵێت، ئامادەن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی کورد، لەگەڵ هەموو لایەک دابنیشن.

ئایشەگوڵ دۆغان گوتیشی: "تۆمەتی ئەوەمان دەخرێتەسەر گوایە لەگەڵ دەسەڵات کۆبوونەوەی نهێنیمان ئەنجامداوە، جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە، ئەو نەریتە سیاسییەی کە ئێمە هەمانە رێگەمان پێنادان کۆبوونەوەی نهێنی ئەنجام بدەین. پێویستیشمان بەمە نییە. ئەگەر لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان یان بەرەی دەسەڵات کۆببووناینەوە، بەشێوەیەکی راشکاوانە بۆ رای گشتی راماندەگەیاند. دەیانەوێت لە رێگەی هەواڵی نادرووستەوە مێشکی دەنگدەرانی دەم پارتی تێکەڵ بکەن". 

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، گوتەبێژی دەم پارتی جەختیکردەوە: "لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوەی دادپەروەرانە و هەمیشەیی، ئامادەین لەگەڵ هەموو کەسێک کۆببینەوە. دەرگامان بەڕووی هەموو ئەوانە کراوەتەوە کە دەیانەوێت لەم پرسە بەرپرسیارییەتی وەربگرن و رۆڵیان هەبێت. ئێمە حزبی خەبات و دانوستاندنین، چەندین جار ئەمانەمان دووبارە کردووەتەوە". 

رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و گەورەشارەوانییەکانی دیکە بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن.

لە کاندیدە دیارەکانی دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، گوڵتان کشاناک، کاندید بۆ گەورەشارەوانی ئەنقەرە کە هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر بوو، هەروەها ئۆزتورک تورکدۆغان، کاندید بۆ گەورەشارەوانی ئەنقەرە کە مافناس و سیاسەتمەدارە.

مەرال دانش بێشتاش، کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ کە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییە لە پەرلەمانی تورکیا و موراد چەپنییش هەر کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ کە پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەیە.

کەمال بولبول، کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی ئانتاڵیا کە پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەیە و ئەحمەد تورک کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی مێردین کە سیاسەتمەدار و هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی مێردینە، عەبدوڵڵا زەیدانیش کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی وان کە پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەیە، دۆغان هاتوون کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی دیاربەکر کە چالاکوان و گوتەبێژی پێشووی پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی و سێرا بوجاک کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی دیاربەکر کە نەوەی فایق بوجاکی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان – تورکیایە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.