مارک سترۆ: ئەمەریکا پابەندە بە هاوبەشی درێژخایەن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان

مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر
مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمەریکا لە هەولێر رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پابەندە بە هاوبەشی درێژخایەن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم راگەیاندنەش دوای سەردانیکردن و کۆبوونەوەی کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە دێت لەگەڵ فیرقەی دووی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.

رۆژی هەینی (23ـی شوباتی 2024) کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە: مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کاراکردن و ئامادەباشی تەواوەتی هێزەکانی پێشمەرگە بەگوێرەی یاداشتنامەی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فیرقەی دووی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كۆبووه‌ته‌وه.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، ئەمەریکا پابەندە بە هاوبەشی درێژخایەن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.

هاوكات وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاندووه‌: ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی كونسوڵی گشتیی ئه‌مەریكا بۆ ئاگاداربوون بووه‌ له‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌شق و راهێنانه‌كان.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە،‌ كونسوڵی گشتیی ئه‌مەریكا خۆشحاڵی خۆی نیشانداوه‌ كه‌ ئێستا پێشمه‌رگه‌ به‌ گوێره‌ی كارنامه‌ی لێكتێگه‌یشتنی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مەریكا هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات هێزی پێشمه‌رگه‌ رۆڵێكی گرنگتر بگێڕێت.