هەنگاریا و سوید رێککەوتنێکیان واژۆکرد

هەنگاریا و سوید
هەنگاریا و سوید

K24 – هەولێر:

هەنگاریا و سوید رێککەوتنێکی پیشەسازی بەرگرییان واژۆ کرد و بوداپێست چوار فڕۆکەی جەنگی لە ستکهۆڵم دەکڕێت.

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا سویدییەکەی لە بوداپێست رایگەیاند، لەگەڵ سووید رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی واژۆیانکردووە، چوار فڕۆکەی جەنگی لە جۆری گریپن بکڕن و پەرە بەو 14 فڕۆکەیەش بدەن، کە هەیانە.

پێشتر، ئۆربان ئاشکرایکردبوو، هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکانیان لەگەڵ سوید دادەخەن و رێککەوتنی پیشەسازی بەرگری واژۆ دەکەن.

ئەم رێککەوتنەش لەکاتێدایە، بڕیارە لە دانیشتنی پەرلەمانی هەنگاریا، لە 26ـی ئەم مانگە، ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند بکرێت. بەمجۆرەش سوید بە فەرمی دەبێتە 32یەمین ئەندامی ناتۆ.

هەروەها لە رۆژی (23ـی کانوونی دووەمی 2024) په‌رله‌مانی توركیاش ئه‌ندامێتی سویدی له‌ ناتۆ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندكرد.

لە دانیشتنی تایبەت بە تاووتوێکردنی پرۆژەیاسای ئەندامیەتی سوید لە ناتۆ، پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاساکەی پەسەند کرد.

هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت. بەگوێرەی بڕگەی پێنجی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە؛ هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.