دادگای فیدراڵی و یاریکردن بە دەستوور

Kurd24

دادگای فیدراڵیی عێراق بووەتە دادگایەکی ناشەرعی، زۆربەی بڕیارەکانی پێچەوانەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانە. تەنیا بەویست و خواستی ووڵاتانی ناوچەکە و مەزهەبێکی دیاری کراو بڕیار دەدات، نەک بەتەنیا بۆ گەلی کورد، هیچ کاتێک بڕیارەکانی لە بەرژەوەندی گەلانی عێراقدا نییە.

دیموکراسی لە عێراقدا زۆر زەحمەتە پەیڕەو بکرێت، هەمیشە جۆری بیرکردنەوەی عەرەبی شۆڤینی بەو شێوەیە بووە كە تەنیا خۆیان پێ نەتەوەیە و ئەوانی دیکە بە ژێردەستە دەبینن.

ئەوان ناتوانن پێکەوەژیان قبووڵ بکەن چونكە ئێستا دادگای فیدراڵیی عێراق کورسی کۆتاکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندووەتەوە و پێی نادەستوورییە، ئەوان هیچ حسابێک بۆ هیچ پێکهاتەیەکی دیکە ناکەن کە لە کوردستان و عێراقدا دەژین.

دادگای فیدراڵیی عێراق بەداخەوە لە جیاتی پارێزەری دەستوور بێت، بووەتە جێگای ململانێی سیاسی و چاوسوورکردنەوە لە هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی هەموو بەند و ماددەکانی دەستووری عێراق.

ئەوان باوەڕیان بە فیدڕاڵییەت و دیموکراسی و ئازادی نییە. ئێستاش هەست بەوەدەکەن تەنیا خۆیان لەم ووڵاتە دەژین هیچ نەتەوە و ئایین و مەزهەب و تیرەیەکی دیکە لەم نیشتمانەدا ناژی.

قبووڵنەکردنی پێکەوەژیان لەم وڵاتە بەزۆر دروستکراوەدا، دوای ئەم بڕیارە پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، چونکە ئیتر هیچ نەتەوەیەک لەم وڵاتە ناتوانێت هەست بەبوونی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بکات. پێم وایە ئیتر دوای ئەم بڕیارە مەترسییەکان لەسەر نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە زیاتر دەبن، کە وادەکات ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامی دروست ببێت و هیچ هیوایەکیان نەبێت بەوەی کە یاسا و دەستوور دەتوانێت بیانپارێزێت یان نا؟

وەکو کوردەواری دەڵێت: "شێت دەبەینە سەر ئۆمەرمەدان بەڵام ئەگەر ئۆمەرمەدان خۆی شێت بوو، خۆی بۆ کوێ ببەین؟"، بۆیە ئەگەر یاسا و دەستوور دژی تۆ بێت ئایا ڕوو لەکوێ دەكەی؟

سەمەرەیی بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەوەیە کورسی پێکهاتەکانی کوردستان بە نادەستووری دەبینێت، بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق ئاساییە چونکە هەموو کورسی پێکهاتەکان زۆربەیان لە لیستی ڕەیان کلدانین، کە بە بزووتنەوەی بابیلۆن ناسراون.

با زۆر دوور نەڕۆین، لێدوانەکانی چەند ڕۆژی رابردووی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، شۆکی نەکردین بەوەی دژی دروستبوونی هەرێمکی دیکە لە عێراق نابێت دروست بێت! سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقی فیدراڵ، کاتێک پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار میوانی بوون، دەڵێت جارێکی دیکە ڕێگا نادەین هەرێمکی تری فیدراڵ هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دروست بێت.

ئەم جۆرە عەقڵیەت و بیرکردنەوەی بەغدا، لەسەرەوە بۆ خوارەوە کە حکومی عێراق دەکەن، کارکردن لەگەڵیاندا زۆر ئەستەمە. ناتوانیت وەکو هاوبەشێک لەم نیشتمانە بژیت، حکومی زۆرینە و کەمینە لە بڕیار و کارەکانیان ڕەنگی داوەتەوە، وڵاتێک ناتوانێت وەکو وڵاتێکی فرەنەتەوە و ڕەنگ بیبینێت، چونکە هەموو بڕیار و کارەکان لە بەرژەوەندی مەزهەبێکی دیاریکراو و ژێر دەستەیی وڵاتانی دراوسێی خۆیەتی.

ئێمە دەبێت هەمیشە سوپاسگوزاری جەنابی سەرۆک بارزانی بین، ئەگەر ئەو نەبووایە و پێداگیریەکانی ئەو نەبووایە هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەکو سوپای عێراق هەڵبووەشایەتەوە، ئەوا دوورنەبوو نەک کورسی پێکهاتەکان بەڵکو پەرلەمانی کوردستان و هەرێمی کوردستانیان هەڵدەوەشاندەوە.

ئێستا زیاتر لە جاران دڵنیا دەبینەوە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کارێکی دروست و پێویست بووە، چونکە دنیابینی و دیدگای سەرۆک بارزانی هەموو کات ئەم ڕۆژانەی بینیوە، بۆیە بڕیارە دروستەکەی داوە.

بێشک کارکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە، کە خۆیان پارێزەری یاسا و ماف و دەستوورن، ئەمە بیرکردنەوە و ڕاو بۆچوونیان بێت، دەبێت کەسانی دیکە کە هیچ لە یاسا و مافەکان نازانن دەبێت چۆن بن؟