ئەمەریکا سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

ئاڵاکانی ئەمەریکا و ئێران
ئاڵاکانی ئەمەریکا و ئێران

K24 – هەولێر:

لەبەرامبەر هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بۆ رووسیا، واشنتن سزای زیاتر بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئێران درۆنی رەوانەی رووسیا کردووە و لەدژی ئۆکرانیا بەکارهێنراون، ئێستاش تاران لە هاوکاریکردنی مۆسکۆ بەردەوامە، لە وەڵامی ئەمەش، ئەمەریکا لە چەند رۆژی داهاتوو سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، چەند راپۆرتێک بڵاوکراونەتەوە، کە ئێران دەیەوێت مووشەکی بالیستی رەوانەی رووسیا بکات، ئەگەر ئێران بیەوێت کاری لەو شێوەیە بکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە توندی وەڵامی تاران دەدەنەوە.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێران ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی بالیستیکی بۆ رووسیای هاوپەیمانی دابین کردووە، ئەمەش هەنگاوێکە کە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات کەوتووەتە ژێر سزاکانی ئەمەریکا.

هاوکات سێ سەرچاوەی ئێرانی رایانگەیاندووە، تاران نزیکەی 400 مووشەکی بۆ رووسیا دابینکردووە، کە زۆربەیان مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای "فاتح-110"، وەک مووشەکی زولفیقار، شارەزایان دەڵێن، ئەم مووشەکە توانای پێکانی ئامانجەکانی هەیە لە دووری نێوان 300 بۆ 700 کیلۆمەتر.

لای خۆیەوە بەرپرسێکی سەربازیی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، لانیکەم چوار بەرهەڵگری مووشەک رەوانە کراوە، گوتیشی: لە چەند هەفتەی داهاتووشدا رەوانەکردنی بارهەڵگرەکان زیاتر دەبێت.

بەرپرسێکی دیکەی باڵای ئێران رایگەیاند، بەشێک لە مووشەکەکان بە کەشتی لە دەریای قەزوین رەوانەی رووسیا کراون و بەشێکی دیکەشیان لە رێگەی ئاسمانییەوە گواستراونەتەوە.

پێشتریش جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی مۆسکۆ جگە لەو مووشەکانەی کە پێشتر لە کۆریای باکوور بەدەستی هێناوە، نزیکە لەوەی مووشەکی بالیستیکی کورت مەودا لە تاران بەدەست بهێنێت.