لە گوندێکی کەرکووک دوو مێردمنداڵ لە گۆمێکدا خنکان

K24 – کەرکووک:

دوو مێردمنداڵ لە گوندێکی پارێزگای کەرکووک لەکاتی مەلەکردن لە گۆمێکدا خنکان کە تەمەنیان 13 ساڵانە و هاوڕێی یەکترن.

دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی (23ـی شوباتی 2024) دوو مێردمنداڵ لە گوندی حەساری گەورەی سنووری پارێزگای کەرکووک، لە گۆمێکدا خنکان کە باراناوی چەند رۆژی رابردووی تێدا کۆببووەوە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەو دوو مێردمنداڵە ناویان دادیار قاسم و ئەیمەن هەڵکەوتە و دانیشتووی گوندی حەساری گەورەن لە پارێزگای کەرکووک و هەردووکیان هاوڕێی یەکترن و پۆلی شەشی سەرەتایین.

لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانیان، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، هەردوو مێرمنداڵەکە لە پشت ماڵەکانی خۆیان گۆمێکی ئاو هەیە و کە باراناوی تێدا کۆبووەتەوە لە ئەنجامی  ئەو شەپۆلە بارانبارینەی چەند رۆژی رابردوو، بۆ مەلەکردن چوونە بەڵام نەیانزانیوە گۆمەکە قووڵە، بەوهۆیەوە هەردووکیان پێکەوە خنکاون.

دوای دەرکردنی تەرمەکانیان لە گۆمەکە، رەوانەی پزیشکی دادی کەرکووک لە نەخۆشخانەی ئازادی کراون و بڕیارە دوای تەواوبوونی رێکارەکان، بگەڕیندرێنەوە زێدی خۆیان و لە گوندی حەساری گەورە بەخاک بسپێردرێن.