سوپای ئەمەریکا سێ درۆنی لە دەریای سوور خستنەخوارەوە

K24 – هەولێر

سوپای ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا تێکشاندنی حەوت درۆن و حەوت مووشەکی کرووزی چەکدارانی حوسیی لە دەریای سوور و ناو خاکی یەمەن راگەیاند. هەروەها ئاماژەیداوە، بەهۆی دزەکردنی نەوتی کەشتییەکەوە کە لەلایەن حوسییەکانەوە کراوەتە ئامانج، ژینگەی بەشیک لە دەریای سوور پیسبووە. 

ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە دەریای سوور سێ درۆنی چەکدارە حوسییەکانی یەمەنی خستووەتەخوارە، کە رووەو کەشتتییەکی بازرگانی ئاراستەکرابوون، بێ ئەوەی هیچ زیانێک بەر کەشتییەکە بگات.

هەروەها رایگەیاندووە، حەوت مووشەی دژە کەشتی جۆری کرووز و چوار درۆنی دیکەیان لە ناو خاکی یەمەن تێکشاندووە، کە ئامادەکرابوون بۆ هەڵدان و هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.

سێنتکۆم راشیگەیاندووە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو چەکدارە حوسییەکان لە دەریای سوور، کەشتییەکیان بەناوی رۆبیمار بە ئاڵای بلێز کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆر بەر کەشتییەکە کەوتووە، کە بڕی 41 هەزار تۆن پەینی تێدایە، بەڵام بەهۆی دزەکردنی سووتەمەنی بۆ نێو ئاوی دەریاوە، رووبەرێکی بە پانتایی نزیکەی 18 میل لە دەریای سوور پیسکردووە، کە خاوەندارێتی باری کەشتییەکە بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە.

سوپای ئەمەریکا ئێران بە پشتیوانیکردنی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن تۆمەتبار دەکات و رایگەیاندووە، بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ کەشتییە بازرگانیی و هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

لە 19 تشرینی دووەمی ساڵی 2023، چەکدارە حوسییەکانی یەمەن، لە دەریای سوور و دەریای عەرەب وەک پشتیوانییەک بۆ چەکدارانی حەماس و دروستکردنی فشارێکی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەستپێکردووە، لە بەرانبەردا هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سوور لە 12ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە پێگە و پشتیوانییە لۆجستییەکانی چەکدارانی حوسی دەکەنە ئامانج.