دووەمین کۆڕبەندی کۆمەڵەی کۆمەڵناسان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

دووەمین کۆڕبەندی کۆمەڵناسی کوردستان
دووەمین کۆڕبەندی کۆمەڵناسی کوردستان

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ دووەمین کۆڕبەندی کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و بڕیارە هەر ئەمساڵیش یەکەم کۆنفرانسی خۆی ببەستێت، هاوکات رێکارەکانیشی بۆ بە ئەندامبوون لە کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان دەستپێکردووە.

کەلسوم گەزنەیی، ئەندامی دەستەی سەرکردایەتی کۆمەڵەی كۆمه‌ڵناسانی نێوده‌وڵه‌تی كوردستان (KISA) بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 24-2-2024، کاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی دووه‌مین كۆڕبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسانی نێوده‌وڵه‌تی كوردستان لە زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، کۆلێژی ئەندازیاری، بەڕێوەدەچێت، تا کاتژمێر 5ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

بە گوتەی ئەو ئەندامە: " لە دووەمین کۆڕبەندی کۆمەڵەی کۆمەڵناسان گفتوگۆ له‌باره‌ی دوایین رێكارو ورده‌كارییه‌كانی دامه‌زراندنی كۆمەڵە و كۆنفرانسی ئاینده ‌و ماڵپه‌ڕ و گۆڤاری ئه‌لیكترۆنی ئه‌كادیمی و چه‌ند پرسێكی دیکەی په‌یوه‌ندیدار دەکەین".

کەلسوم گەزنەیی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکەیان چەند ئامانجێکی سەرەکی هەیە کە ئێستا کاری لەسەر دەکات، ئەوانیش بریتین لە: بە ئەندامبوونی کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان لە کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی جیهانی و بەشداری کردن لە کۆنفرانسی کۆمەڵناسانی جیهانی، هەروەها دۆزینەوەی پاڵپشتی دارایی بۆ ئەوانەی دەیانەوێت درێژ بە خوێندنی باڵای کۆمەڵناسی بدەن لە دەرەوەی کوردستان و دامەزراندنی وێبسایتی ئەلیکترۆنی و گۆڤاری جیهانی.

کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان لە 25نۆڤمبەری 2023، لە ژێر چاودێری زانکۆی دهۆک بە سەرپەرشتی د. فەریدوون رەحیمی بەرپرسی کۆمەڵەکە دامەزراوە و نۆ کۆمیتەیان بۆ کارکردن راگەیاندووە، بارەگای سەرەکی ئەم کۆمەڵەیە لە هەولێر، کەندا و واشنتن دەبێت، دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی جیهانی، کە چوار ساڵ جارێک کۆنفرانسی ئەکادیمی خۆی هەر جارە و لە وڵاتێک ئەنجام دەدات، کۆنفرانسی داهاتوو لە ساڵی 2027 لە کۆریای باشوور دەبێت.

کەلسوم گەزنەیی، باسی لەوەشکرد، کۆمەڵەکەیان لە ئێستادا نزیکەی (80) ئەندامی لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە،و کوردانی تاراوگە بەشدارن و ئەندامن لەم کۆمەڵەیە، وەکخۆی دەڵێت: خەڵکی تر لە نەتەوەکانی دیکە دەتوانن ببن بە ئەندام لە کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان، بەڵام توێژینەوەکانی دەرباری کورد و کۆمەڵگەی کوردستانی بێت".

دەشڵێت: "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم کۆمەڵەیە، ئەوەیە کۆمەڵناسان توێژینەوەکانیان چیتر تەنیا بۆ پلە بەرزکردنەوەی زانستی (ترقیە) نەبێت".

ئاشکراشی کرد، بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسان بە میوانداری سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی جیهان و بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولێر بەڕێوەبچێت.