بەهۆی داڕمانی کانێکی زێڕ 16 کەس لە فەنزوێلا گیانیان لەدەستدا

کانی زێڕ لە فەنزوێلا
کانی زێڕ لە فەنزوێلا

K24 – هەولێر

لە ئەنجامی داڕمانی کانێکی زیڕ لە فەنزوێلا 16کەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش بریندارن.

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی شوباتی 2024، دەسەڵاتدارانی فەنزوێلا رایانگەیاند، لە ئەنجامی زەوی لەرزین لە کانی پۆلا لۆکا لە ویلایەتی بۆلیڤار لە کانێکی نایاسایی زێڕ لە باشووری ئەو وڵاتە، بەهۆی داڕمانی کانەکە 16 کەس گیانیانلەدەستداوە و نزیکەی 16 کەسی دیکەش برینداربوون.

لای خۆیەوە ئەنجێل مارکانۆ، پارێزگار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەیان کەس لەوکانە کاریان کردووە لەوکاتەی زەوی لەرزینەکە روویدا. راشیگەیاند، بەهۆی داڕمانی کانەکەوە هەستاون بە چۆڵکردنی نزیکەی 200 دانیشتووی نیشتەجێی ئەو ناوچەیە . هاوکات گەڕان بەدوای قوربانیانیش بەردەوامە.

پارێزگار راشیگەیاند "هیچ حاڵەتی مردنی دیکە تۆمارنەکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ ماوەی مانگێکی دیکە بەردەوام دەبن".

ناوچەی بۆلیڤار یەدەگی گەورەی زێڕ و ئەڵماس و ئاسن و بۆکسیت و کوارتزی لەخۆدەگرێت و کانەکان لەلایەن دەوڵەت و گروپە نایاساییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.

لە کاتێکدا گرووپە تاوانبارەکان بەشێکی زۆری ئەم کەرتەیان کۆنترۆڵکردووە و بووەتە هۆی سەختکردنی ژیانی کرێکارانی ئەم کانانە. کە لە بارودۆخە سەختەکان کاربکەن.