بەریتانیا پاکێجێکی نوێی هاوکاری بەبڕی زیاتر لە 200 ملیۆن پاوەند بۆ ئۆکرانیا راگەیاند

K24 - هەولێر

بەریتانیا پاکێجێکی هاوکاری 245 ملیۆن پاوەندی بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا راگەیاند، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی ئەو وڵاتەیە.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەم پاکێجی هاوکارییە بە ئامانجی چالاککردنی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی تۆپخانەکانی ئۆکرانیایە، کە زۆر پێویستی پێیەتی بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی".

لەم دواییانەدا لەندەن کە یەکێکە لەهاوپەیمانەکانی کیێڤ، زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند، کە لە ساڵی 2024-2025دا دەگاتە 2.5 ملیار پاوەند.

ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی هەینی بەڵێنی دا کە "لەندەن لە تەنیشت کیێڤ دەوەستێت، گرنگ نییە چەند کات بخایەنێت".

سوناک دەشڵێت: پێویستە ئیرادەی خۆمان نوێ بکەینەوە، بۆ ئەوەی نیشانی بدەین کە ستەمکاری هەرگیز سەرناکەوێت و جارێکی دیکە بڵێین ئەمڕۆ و سبەی لەگەڵ ئۆکرانیا دەوەستینەوە.

سەرۆکوەزیرانەکەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ئامادەین هەرچی پێویست بێت بیکەین، گرنگ نییە چەند کات بخایەنێت، تا ئۆکرانیا سەردەکەوێت".

لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە سەردانێکیدا بۆ کیێڤ، واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی 10 ساڵەی نێوان بەریتانیا و ئۆکرانیای راگەیاند، کە ڤلادیمێر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ستایشی ئەو رێککەوتنەی کرد.

پێنجشەممەی رابردوو، بەریتانیا سزا نوێیەکانی دژی رووسیا و ناردنی مووشەکی نوێی بۆ ئۆکراینییەکان راگەیاند، لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش رایگەیاند، "سزاکانی زیاتر لە 50 کەس و کۆمپانیا و سەرچاوەی سەرەکی داهات رووسیا دەکاتە ئامانج".