دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراق؛ سەدان لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێندراون و ئەنجامیان نەبووە
K24 - هەولێر
دوای تێپه‌ڕبوونی 40 رۆژ به‌سه‌ر هێرشی مووشه‌كی ئیران بۆ سه‌ر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی؛ هێشتا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاشكرانه‌كراوه، كه بڕیاربوو له ماوه‌ی سێ رۆژدا بۆ رای گشتی بخرێته‌ڕوو.
له‌ساڵی 2003 و دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراق، ده‌یان لیژنه‌ی تایبه‌ت له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی، پێشێلكاری، رووداوی تیرۆر و تاوانكاری پێكهێنراوه و هیچ ده‌ره‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ریان له ئاشكراكردنی راستی رووداوه‌كاندا نه‌بووه كه جێی باوه‌ڕی هاووڵاتییان بێت. به‌بڕوای چاودێران؛ مه‌به‌ستی پێكهێنانی لیژنه‌كان بۆ بێده‌نگكردنی رای گشتی و په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و رووداوانه‌یه كه سه‌رنجی رای گشتی راده‌كێشێت.
به‌گوێره‌ی ئامارێكی پێگه‌ی "ئولترا عێراق"، له سه‌ره‌تای ئازادی عێراقه‌وه نزیکەی 240 لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسگەلێکی جیاواز پێكهێنراوه. له‌وانه لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکانی كه‌ڕاده‌ی ساڵی 2016 كه به‌هۆیه‌وه 324 کەس کوژران، لیژنەی لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له كڕینی ئامێری ئاشكراكردنی تەقەمەنی، كۆمه‌ڵێك رووداوی دیكه ئه‌نجامی ئه‌م لیژنانه ئاشكرانه‌كان و ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت ئه‌نجامێكی وه‌ها دڵخۆشكه‌ریان به‌ده‌سته‌وه نه‌داوه، كه هاووڵاتییان متمانه‌یان به پێكهێنانی لیژنه‌كان هه‌بێت.
به بڕوای چاودێرانی سیاسی، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه، چی په‌رله‌مانی بێت یان حكومی، هیچ ده‌ستكه‌وتێكیان نه‌بووه و نه‌یانتوانیوه به‌دواداچوونی دروستی رووداوه‌كان بكه‌ن، كه زۆرجار لیژنه‌كان رووبه‌ڕووی به‌ربه‌ستی سیاسی و تێوەگلانی بەرپرسانی باڵای عێراق ده‌بنه‌وه.
پوخته‌ی ئه‌و لیژنانه‌ی بۆ رووداوێكی كاره‌ساتبار و تراژیدی له عێراق پێكهێنراون، دیارترینیان:
- رووداوی كه‌وتنی مووسڵ و راده‌ستكردنی شاره‌كه به چه‌كدارانی داعش
- كوشتارگه‌ی 1700 قوتابی له بنكه‌ی سه‌ربازی سپایكه‌ر
- كوشتنی 800 خۆپیشانده‌ری تشرینییه‌كان
- كوژرانی قاسم سلێمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس
- كوژرانی هیشام هاشمی، پسپۆڕی كاروباری تیرۆر
- هێرشی درۆنی بۆ سه‌ر ماڵی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق
- تۆپبارانی ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری له زاخۆ كه ژماره‌یه‌ك گه‌شتیاری عه‌ره‌ب گیانیان له‌ده‌ستدا
- مووشه‌كبارانكردنی ماڵی سه‌رمایه‌داری كورد شێخ باز له هه‌ولێر
- هێرشه‌كانی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و عه‌ربه‌ت
- رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕان له حه‌مدانییه
- مووشه‌كبارانی ماڵی پێشڕه‌و دزه‌یی له هه‌ولێر
- هێرشی درۆنی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر