کاتژمێرێکی کاتی هێرشەکەی سەر هێرۆشیما بەدەیان هەزار دۆلار فرۆشرا

هێرۆشیما
هێرۆشیما

K24 - هەولێر

کاتژمێرێک کە لە بۆردومانەکەی شاری هیرۆشیمای ژاپۆن لە 6ـی ئابی 1945دا دۆزراوەتەوە، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە زیاتر لە 31 هەزار دۆلار فرۆشرا.

 بەپێی ئامارەکانی خانەی زیادکردنی (ئار ئار) لە بۆستن، کاتژمێرەکە لەو ساتەدا وەستاوە، کە لە کاتژمێر 8:15 خولەکی بەیانی، لە کۆتا رۆژەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا، بۆمبێکی ئەتۆمی بەسەر شارە ژاپۆنیەکەدا تەقێندراوەتەوە.

نرخی براوەی ئەو زیادکردنە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو کۆتایی هات، 31 هەزار و 113 دۆلار بووە.

ئەو کاتژمێرە بچووکە رەنگی مسییە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لەگەڵ شتە کۆکراوەکانی دیکەی مێژوویی فرۆشرا، خانەکە ئاماژە بەوە دەکات، براوەی زیادکردنەکە ناسنامەی خۆی ئاشکرا نەکردووە.

هەرچەندە بەهۆی تەقینەوەکە کریستاڵەکەی کاتژمێرەکە کاڵ بووە، بەڵام کاتژمێرەکە لە 8:15 خولەک وەستاوە، کە لەو ساتەدا فڕۆکەیەکی ئەمەریکی بۆمبی ئەتۆمی فڕێداوە.

مەزادخانەکە راشیگەیاندووە، بەپێی گوتەی فرۆشیارەکەی، سەربازێکی بەریتانی کاتژمێرەکەی لە وێرانەکانی شارەکەدا دۆزیوەتەوە، لەکاتێکدا لە ئەرکدا بووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی فریاگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە هێرۆشیما.

بۆبی لیڤینگستۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەکە گوتی: " ئێمە زۆر هیواخوازین کە ئەم کاتژمێرە، لە مۆزەخانەیەکدا پیشان بدرێت، چونکە شایەنی ئەوەیە وەک هێمایەکی بەهێز خزمەت بکات، نەک تەنها نرخی جەنگمان بیربخاتەوە، بەڵکو جەخت لەو توانا وێرانکەرە قووڵانە دەکاتەوە کە پێویستە مرۆڤایەتی هەوڵ بدات خۆی لێ بەدووربگرێت، بۆ نموونە، "ئەم کاتژمێرە نوێنەرایەتی ئەو ساتە دەکات کە مێژوو بۆ هەمیشە گۆڕاوە."

ئەو کەلوپەلانەی لە مەزادخانەکەدا نمایشکران، بریتی بوون لە کۆپییەکی واژۆکراوی "کتێبی بچوکی سووری"ـی سەرکردەی پێشووی چین 'ماو تسی تۆنگ' کە بە 250 هەزار دۆلار فرۆشرا، هەروەها ئامێرێک کە جۆرج واشنتۆن واژۆی لەسەر کردبوو، کە یەکێکە لەو دوو ئامێرە بەناوبانگەی لەلایەن سەرۆکەوە واژۆکراوە و خراوەتە بازاڕەوە، بە 135 هەزار و 473 دۆلار، هەروەها لیستی پشکنینی ئامادەکردنی مۆدیولی مانگی ئەپۆلۆ 11، کە بە 76 هەزار و 533 دۆلار فرۆشرا.

وێنەی کاتژمێرەکە
وێنەی کاتژمێرەکە