هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەرکۆنە و شەرمەزار کرا

دیمەنێکی ماڵەکەی شەهید پێشڕەو دزەیی دوای بۆردوومانکردنی
دیمەنێکی ماڵەکەی شەهید پێشڕەو دزەیی دوای بۆردوومانکردنی

K24 - هەولێر

هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر و شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سڤیل، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە. وڵاتانی زلهێز هێرشەکەیان بەهۆکارێک بۆ ناسەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی وەسف کرد.

هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسداران ئێران بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە هەولێر و شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سڤیل، نەک تەنها لەناوخۆی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و هێرشەکە شەرمەزار کرا.

وڵاتانی زلهێز و بڕیاربەدەستەکانی جیهان هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێرانیان بەکردەوەیەکی "دڕندانە و بێ پاساو" وەسف کرد. ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمەریکا رایگەیاند، دژی هێرش بێ پاساوەکانی ئێرانن بۆسەر هەولێر، چونکە سەقامگیریی عێراق تێکدەدات.

هاوکات رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی لەوەکردەوە، بەتوندی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر سەرکۆنە دەکەن، چونکە بووەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییانی سیڤل. لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە عێراق ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکەی سەر هەولێر پێشێلکاری زەقە و ناکرێت قبووڵ بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە نووسینگەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەبارەت بەهێرشەکەی سەر هەولێر؛ سەرباری سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، باسی لەوەش کرد، هێرشەکە ناڕەوا و بێ پاساوە، دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر سەلامەتی عێراق.

باڵیۆزخانەی ئەڵمانیاش لە عێراق لە پێگەی خۆی نووسی، دوژمناکارییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر هەڕەشەیە لەسەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. لەدرێژەی کاردانەوەی هێرشەکەی سەر هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، کونسوڵی تورکیا لە هەولێر گوتی، دڵگرانن لەوەی کە روویداوە.

وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداش، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بەگرنگییەوە باسی لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.

بەڕێوەچوونی چلەی ماتەمینی شەهیدانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر

ئەمڕۆ شەممە، 24-02-2024، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی؛ رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهیدانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر؛ بە بەشداریی کەسوکارەکانیان و بەرپرسانی حکومی و حزبی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەکەدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد. 

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "شەهید پێشڕەو دزەیی بە ستەم و ناڕەوا لە هێرشێکی مووشەکی زاڵمانەی بێ پاساو و بێ بنەما بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری هەولێر شەهید کرا. لە کاتێکدا خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی و بەسەربردنی ساتێکی ئارام بوو لەگەڵ خێزانەکەی خۆیدا".

خەونی شەهید پێشڕەو دزەیی، وەکو ئەوەی رێبەر ئەحمەد خستییەڕوو؛ "هەمیشە بەرەوپێشبردن و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری کوردستان و شارە خۆشەویستەکەی هەولێر بوو؛ بەڵام بەداخەوە دوژمنانی ئارامی و ئاوەدانی نەیانهێشت درێژە بە خواست و خولیاکانی لەپێناو پێشکەوتنی زیاتری شار و وڵاتەکەی بدات".

بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، بنەماڵەی شەهید پێشڕەو بەڵێنیان داوە لەسەر کاروان و رێچکەی ئەو بەردەوام بن و درێژە بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانی زیاتری هەولێر بدەن.

هێرشەکەی سوپای پاسدرانی ئێران بۆ سەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە،15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستان بوو؛ کردە ئامانج.

بەهۆی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران؛ پێشڕەو دزەیی، ژینەی کچی، بازرگانێکی عێراقی و کارگوزارێکی ماڵەکەی شەهید بوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".

هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر  لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کاردانەوەیەکی توندی نەرێنی لێکەوتەوە. حکومەتی عێراقیش هەر چەندە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لە دژی ئێران تۆمارکرد، بەڵام سکاڵاکەی بێ ئەنجام بوو.