ئەوقافی راپەڕین: ھیچ مامۆستایەکی ئایینی لەسەر پشتیوانیی بایکۆتی مامۆستایان لە وتاردان دوورنەخراوەتەوە

ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین

K24 – راپەڕین:

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دوورخستنەوەی مامۆستایەکی ئایینی لە وتارادان لە یەكێک لە مزگەوتەکانی سنووری راپەڕین سەبارەت بەوەی لە رابردوو پشتیوانی لە بایکۆتی مامۆستایان کردووە، لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری ئەوقافی راپەڕین بە کوردستان24ـی گوت: ھیچ مامۆستایەکی ئایینی لەسەر پشتیوانی لە بایکۆتی مامۆستایان یان ھەڵوێستی جیاواز دوورنەخراوەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە (24ـی شوباتی 2024) دکتۆر ئیبراھیم عبدالباقی، بەرێوبەری ئەوقافی راپەرین تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی دوورخستنەوەی مامۆستایەکی ئایینی لەوتاردان لە یەکێک لە مزگەوتەکانی حاجیاوا سەبارەت بەوەی لە ماوەکانی رابردوو پشتیوانی بایکۆتی مامۆستایانی لە ناوەندەکانی خوێندن کردووە، "بۆ هەموو لایەکی رووندەکەینەوە کە دوورخستنەوەی ئەو مامۆستایە پەیوەندی بە وەرگیرانی ھەیە لە خوێندنی باڵا دکتۆرا نەک ھەڵوێستەکانی".

بەرێوبەری ئەوقافی راپەرین، دەڵێت: بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەر مامۆستایەکی ئایینی لە خوێندنی باڵا بۆ دکتۆرا وەربگیرێت، دەبێت بەڵێننامە لەدادگا پڕ بکاتەوە کە دەستبەرداری وتاردان و پیشەکەی ببێت.

ئاماژەی بەوەشاکرد، ئەو مامۆستایە ئایینییەش لە خوێندنی باڵا دکتۆرا وەرگیراوە و لەسەری بووە رێنماییەکان جێبەجێ بکات و دەستبەرداری وتاردان بێت.

ئیبراھیم عبدالباقی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، خۆی لە ساڵی 2015 لە خوێندنی باڵا دکتۆرا وەرگیرا و ھەمان رێنمایی بەسەردا جێبەجێکرا.

جەختی لەوەشکردەوە، ئێستا وەک ئەوقافی راپەرین لەبەرئەوەی گرفتی کەمی مامۆستای ئایینی و وتاربێژمان ھەیە لە مزگەوتەکانمان ، لەھەوڵداین بەدەر لەرێنماییەکان مامۆستاکە بگێڕینەوە بۆ وتاردان.