نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە کەرکووك گەیشتە 25 هەزار دینار

کەرکووک
کەرکووک

K24 – کەرکووک:

نرخی گۆشتی سوور بە رێژەیەکی چاوەڕواننەکراو لە کەرکووك بەرزبووەوە، بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەیەش خواست لەسەر کڕینی گۆشتی مریشک زیاد بووە، کە ئەمەش بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی مریشکیش.

گۆشتفرۆشێک لە کەرکووك بە کوردستان24ـی راگەیاند، "نرخی گۆشتی سوور بە رێژەیەک بەرزبووەوە خوا قبوڵی ناکات، یەکەمجارە بەو رێژەیە بەرزبێتەوە، هەروەها بەو نرخە بەرزەش مەحاڵە رێژەیەکی زۆری هاووڵاتییان بتوانن وەک جاران گۆشتی سوور بکڕن".

بەرزبوونەوەی نرخ، هاووڵاتییانی ناچار کردووە خواردنی گۆشتی سوور کەمبکەنەوە، هاووڵاتییەکیش دەڵێت: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور "بڕواناکەم هاووڵاتییان بتوانن هەفتەی جارێکیش بیخۆن".

لەگەڵ گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا، گۆشتی بەستووی چەند وڵاتێکیش بە نرخی کەمتر خراونەتە بازاڕاوە، هەر ئەم هۆکارەش وایکردووە خواست لەسەر کڕینی گۆشتی مریشک زیاد بێت.

رۆژانە نزیکەی 50 تۆنی مریشکی زیندوو تەنیا لە سەنتەری شاری کەرکووک دەفرۆشرێت، زیاتر لەو بڕەش هەناردەی شارەکانی باشووری عێراق دەکرێت.

گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور لە کاتێکدایە لە مانگی رەمەزان و وەرزی بەهار نزیکدەبینەوە، لەم دوو کاتەشدا خواست لەسەر گۆشتی سوور زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت نرخەکان زیاتر بەرز ببنەوە.